بەپێشینەترین زیندانیی سیاسیی کورد تووشی نەخۆشی بووە

13:34 - 5 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: بە پێشینەترین زیندانیی سیاسیی کورد، کەلە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە دەستبەسەری‌دایە، باری تەندروستیی نالەبارە و بەرپرسانی ئەو زیندانە لە چارەسەریی ناوبراو خۆ دەبوێرن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عوسمان مستەفاپوور زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار، کە ماوەی ٢٣ ساڵە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا لە دەستبەسەری‌دایە، تووشی نەخۆشی بووە هەنووکە لەلایەن هاوبەندییەکانییەوە خزمەتی دەکرێت.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە کوردە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، عوسمان مستەفاپوور بەهۆی مانەوەی زیاتر لە دوو دەیە لەزیندان و ئەشکەنجەی مەئموورانی ئەمنییەتی لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا تووشی نەخۆشیی دڵ و هەروەها ئازاری لاق بووە.

\"20157.jpg\"
عوسمان مستەفاپوور بە پێشینەترین زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ
عوسمان مستەفاپوور، کە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کراو دواتر سزای لەسێدارەدانی بۆ برایەوە و پاشان ساڵی ١٣٧٢ حوکمەکەی بۆ ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوەو ساڵی ١٣٧٩ لە کاتێکدا چاوەڕوانی ئازادی بوو، حوکمی ١٥ ساڵی دیکەی بەسەردا سەپێندرا و سەرئەنجام کۆتاییەکانی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٢ پاش ٢٣ ساڵ دەستبەسەری، سەرلەنوێ حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی دیکەی بۆ برایەوە.

ئەو زیندانییە کوردە، کە ٢٢ ساڵ و ٩ مانگە لە دەستبەسەری‌دایە، هەتا ئیستا ١ رۆژ مەرەخەسیی پێنەدراوە و تەنانەت ئیزنی بەشداری کردنی لە رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی دایک و خوشکی‌شدا پێنەدراوە.

عوسمان مستەفاپوور ساڵی ١٣٩٠ لە رەنجامەیەکی هەژێنەردا، داوای لە رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (ئەحمەد شەهید)، چاوەدێری مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی جیهانی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەكان و ویژدانە بەخەوەرەكانی سەرانسەری دونیا کردبوو، كە لەبارەی رەوتی دادگایی و بە فێڕوو چوونی زیاتر بیست ساڵ لە تەمەنی و لاویەتی لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا، لێکۆڵینەوە بکەن.