بەهمەن قوبادی و ٨ منداڵی کورد، فیلمی ئاوارەکانی کۆبانێ و شەنگالیان ساز کرد

21:31 - 31 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: فیلمی دێکیۆمێنتاریی \"ژیان لە سنوور\" لە دەرھێنانی ٨  منداڵی کۆبانێ و شەنگال لە کاناڵی تێلێڤیزیۆنی جیهانیی NHK ژاپۆن بڵاو کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فیلمی دیکۆمێنتاریی \"ژیان لە سنوور\" بە بیرۆکەی بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری کورد لە بەرنامەیەکی تایبەتدا پاش هەڵبژێردران و ناساندن لە کاناڵی تێلێڤیزیۆنی جیهانیی NHK ژاپۆندا بۆ بینەرانی سەرتاسەری جیھان نمایش کرا.

ئەو تێلێڤیزیۆنە جیهانییە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریدا فیلمی دێکیۆمێنتاریی \"ژیان لە سنوور\"ی پاش ناساندن بڵاو کردەوە.

فیلمی ژیان لە سنوور بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێو شەڕ و ئاوارەیی نیشانی بینەر دەدات کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

\"بەھمەن قوبادی\" دەرهێنەری کورد، ھەر بەم بۆنەیەوە سەردانی ژاپۆنی کردووە و لە خولی ڤۆرکشۆپی فیرکاریی لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە ھەروەھا لەگەڵ کاناڵی \"ئێن.ئێچ.کەی\"NHK سەبارەت بەم فیلمە دێکیۆمێنتارییە چەندین وتووێژی تایبەتی کردووە.

ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە بە دەرهێنەریی ٨ منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای رزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش سازکراوە.

ئەم منداڵانە بۆ ماوەی ٢ مانگ لەلایەن راوێژکاران و گرووپی دەرھێنەران، خولی فێرکاریی سینەماییان تێپەڕکردووە و پاشان لە نێوان ئەواندا چەندین کەس دەستنیشانکراون و وەکوو ٨ دەرھێنەری بچکۆلە ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییەیان سازکردووە.

ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە ماوەکەی ٧٣ خولەکە و لەلایەن کۆمپانیای \"مژ فیلم\"ـەوە ساز کراوە.