بەهمەن قوبادی: هیوادارم كورد لەو قەیرانەی ناوچەكە كەڵك وەربگرێت و بە یەكپارچەبوون بگات

14:06 - 3 بەفرانبار 2715
\"ئاژانسی كوردپا: بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری سینەمایی بەناوبانگی كورد، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ پەیامنێرانی ئیتاَلیایی گوتی: \"هیوادارم كورد لەو قەیرانەی ئێستای ناوچەكە كەڵك وەربگرێت و بە یەكپارچەبوون بگات\".

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵی كوردپا، فیلمی \"هەندێك جار چاو لە سەرێی بكە\" لە دەرهێنانی \"بەهمەن قوبادی\" لە چوارچێوەی كۆمەڵە فیلمی \"چەند وتەیەك لەگەڵ خوداكان\" Words With Gods لە نمایشێكی تایبەتدا لە شاری \"تۆرین\"ی ئیتاڵیا نمایش كرا و ئەم سینەماكارە كوردە لە ڕێگای ئیسكایپەوە لە وتووێژ لەگەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتەدا و لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە نمایشی \"ئاڵای بێ وڵات\" A Flag Without a Country نوێترین بەرهەمی بڵیندی خۆی لە ئاستی جیهانیدا گوتی: \"یەكەمین نمایشی ئەم فیلمە لە ژانویەی ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمریكا دەست پێ دەكات و لە دواییشدا لە وڵاتەكانی دیكەی دنیاش نمایش دەكرێت\".

پەیامنێرێكی ئیتاڵیایی لە \"بەهمەن قوبادی\" پرسیاری كرد كە ئەمڕۆ ڕۆژی ئاڵایە و ئێوەش فیلمێكتان بە ناوی \"ئاڵای بێ وڵات\" ساز كردووە كە ئەم سینەماكارە كوردە لە وەڵامدا گوتی: \"ئەم ڕۆژە یەكێكە لە گرینگترین ڕۆژەكانی نەتەوەی كورد، چونكە ئەم میللەتە زوڵملێكراوە تا ئێستا ئاڵای هەیە بەڵام بە شوێن زەوییەكەیدا دەگەڕێت. بە شێوەی سروشتی لە سەرەتادا دەبێت وڵات دروست بكرێت، پاشان ئاڵای بۆ ساز بكرێت، بەڵام كورد ئاڵای هەیە و دیارە پێشتر وڵاتی بووە و لێیان ون كردووە و لەم سەردەمەی ئێستاشدا بە شوێن ئەم وڵاتەیدا دەگەڕێت\".

قوبادی لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: \"ئەگەر بە سەرنجەوە ئاڵای كوردستان ببینین لە خۆیدا چوار پارچەییەك هەیە كە خۆرەكە بەشێكی ئەم چوار پارچەیەی لە خۆ گرتووە و هەروەها تیشكەكانی ئەم خۆرەش ٢١ دانەیە و بۆ من ئەو مانایەی هەیە كە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەكەمدا دەبێت كورد یەكگرتوو بێت و چەند ساڵێك لەم سەردەمە تێپەڕیوە و ئەوە ڕووی نەداوە و دەبێت لە یەك دوو ساڵی داهاتوودا ئەوە ڕوو بدات و كوردستانێكی سەربەخۆ بەتایبەت لە عێراقی ئەمڕۆدا پێك بێت\".

ڕۆژنامەنووسانی ئیتالیایی سەبارەت بە ئاڵۆزی و ڕووداوەكانی ئەم دواییانەی كوردستان پرسیاریان كرد كە قوبادی لە وەڵامدا گوتی: ئێستاكە هەمووی كورد دەبێت بە یەكدەنگییەك بگەن و ئەگەر كورد بەو یەكدەنگییە نەگات و لە لایەنی ئایدیۆلۆژییەوە بەو یەك سنوورییە نەگات، قەت ناتوانێت سنوورەكانی خۆشی بە سنوورێكی جوگرافیایی بگەیەنێت.

سینەماكاری كورد \"بەهمەن قوبادی\" لە كۆتایی ئەم چاوپێكەوتنەدا گوتی: \"كوردەكان تاكوو سنوری مێشك و سنووری ئایدیۆلۆژییەكان نەكەن بە یەك، ناتوانن وڵاتێك دروست بكەن. بەو هیوایەم كە كورد لەو قەیرانەی ئێستای ناوچەكە كەڵك وەربگرێت و بە یەكپارچەبوون بگات.