بەندی سیاسییەکان کەوتە بەر هێرشی گاردی زیندانی ڕەجایی شار

15:33 - 5 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە هێزە ئەمنیەتییەکانی زیندانی ڕەجایی شار، هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی ئەو زیندانە و دۆخی ئەو بەندانەیان تێکدا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ڕۆژی دووشەممە ٤ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنیەتییەکانی زیندانی ڕەجایی شار، هەڵیان کوتاوەتەە سەر بەند ٤ی ساڵۆنی ١٢ی ئەو زیندانە کە بە بەندی \"سیاسییەکان \" ناسراوە.

هەڵکوتانە سەر زیندانییەکان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە، تێک و پێکدانی کەرەستە تایبەتیەکانی زیندانییەکانی بەدواوە بووە.

\"28875.jpg\"
فەرمانی گەڕان، پشکنین و تێکدانی ژووری زیندانیانی سیاسی، لەلایەن بەرپرسی زیندان بەناوی \"مەردانی\"یەوە دەرکراوە و زیاتر لە ١٠٠ هێزی دژە شۆڕش لە هەڵکوتانە سەر بەندی ٤ی زیندانی ڕەجایی شاردا بەشدارییان کردووە.

هەروەها، ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان ئاماژە بە وتنەوەی دروشم دژی بەرپرسە پایە بەرزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەکوو، \"مەرگ بۆ دیکتاتۆر\" و \"مەرگ بۆ ویلایەتی فەقیه\" دەکەن.

ماڵپەڕی \"کلمە\" نزیک لە لایەنگرانی بزووتنەوەی سەوز، هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنیەتییەکانی زیندانی بە \"نا ئاسایی\" وەسف کردووە و وێنەکانی دوای پشکنینی ئەو بەندەی بڵاو کردووەتەوە.

زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە شێوەیەکی نێونجی و هەمیشەیی ڕێژەی ٤٠٠٠ زیندانیی لە خۆ گرتووە کە لەو نێوانەدا نزیکەی ٢٣٠ کەسیان زیندانیی سیاسی و مەزهەبین.

پێشتر ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی زیندانیانی ڕەجایی شاری کەرەج کەوتبووە بەر دەستی ئاژانسی کوردپا کە لەوێدا هاتبوو کە لەساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ١٧٦ زیندانی، بەهۆی \"مردنی گوماناوی\" وەکوو خۆکوژی، ئایدز، هێپاتیت و شەڕی نێوان زیندانییەکان، گیانیان لە دەست داوە.