بەنداوی چراوەیس دیسان هەڵای نایەوە

16:01 - 17 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە خەڵکی دەوروبەری بەنداوی چراوەیسی سەقز، لەهەمبەر دیاریکردنی نرخی قەرەبووکردنەوەی زەوییەکانیان بەرهەڵست بوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دانیشتوانی گوندی \"بەلەجەڕ\" سەر بە ناوچەی گەورکی سەقز، لە بەرانبەر دیاریکردنی نرخی قەرەبووکردنەوەی زەوی و زارەکانیان لە لایەن کارناسێکی سەر بە دەزگای ئاوی ئەم شارستانە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و وتوویانە حازر نین ئاواییەکەیان چۆڵ بکەن.

لە نامەیەکدا کە دانیشتوانی ئەم گوندە ڕوو لە وەزارەتی وزە بڵاویان کردۆتەوە هاتووە؛ \"ئێمە پێشتر لەگەڵ دەزگای ئاوی سەقز ڕێککەوتبووین کە کارناسێک بۆ هەڵسەنگاندنی نرخی زەوی و زارەکانمان و کارناسێکیش وەک \"مرض الطرفین\" دیاری بکەین و بڕیاری ئەم دوو کەسە بکەینە پێوەر لەمەڕ وەرگرتنی قەرەبووەکان، بەڵام ئیدارەی ئاماژەبۆکراو بەهۆی ئەوەیکە نرخی دیاریکراویان بەدڵ نەبووە، بەشێوەی یەکلایەنە کارناسە جێگەی متمانەکەی ئێمەیان بە خاوەن شیاوی نەزانی و بەتەمان بە دیاریکردنی کەسێکی نیزیک لە خۆیان، زەوی و زاری خەڵکی ئەم گوندە بە نرخێکی کەم هەڵلووشن، کە ئەمە زوڵمێکی ئاشکرا لە خەڵکی ئەم گوندەیە.

بەنداوی چراوەیس دەکەوێتە ١٧ کیلۆمێتریی باشووری ڕۆژئاوای شاری سەقز، کە لە ساڵی ١٣٨٣ وە کارە سەرەتاییەکانی دەستی پێکردووە و هێشتا پاش ١١ ساڵ کۆتایی بە کارەکانی نەهاتووە و وەک جێگری فەننی فەرمانداری سەقز لە ڕەزبەری ئەمساڵدا ڕایگەیاند. بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژە لانیکەم ٧٥٠ میلیارد ڕیاڵی دیکە پێویستە.