بەنداوی داریان نزیك بە 44%‌ی رەز و باخی ئاوایی هەجیج لەناو دەبات

12:50 - 12 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: لە ئەگەری وەگەڕكەوتنی پڕۆژەی بەنداوی داریان لەسەدا 44‌ی زەوی و زار و ژمارەیەك شوێنی گەشتیاری سەر بە ئاوایی هەجیج دەبنە ژێر ئاوەوە.

ماڵپەڕی میراتی فەرهەنگی بڵاوی كردەوە، ئاوایی هەجیج شوێنێكی زۆر دڵڕفێن و گەشتیارییە و لەرئەگەری تەواو بوونی بەنداوی داریان پێكهاتەی مێژوویی ئەو شوێنە لەناو دەچێت.

\"7264.jpg\"
شوێنی بەنداوی داریان پێش لە دەستپێک
گوندی هەجیج لە 25 كیلۆمیتریی شارستانی پاوە هەڵكەوتووە و خاوەنی باخ و باخات و پێكهاتەیەكی مێژوویی زۆر سەرنجڕاكێشە، بەڵام لە ئەگەری وەگەڕكەوتنی بەنداوی داریان ئەو پێكهاتەیە دەكەوێتە مەترسییەوە.

هەر چەندە جێگری میراتی فەرهەنگی و پێشە دەستییەكانی پارێزگای كرماشان راگەیاندبوو، ئەگەرچی بە تەواو بوونی پڕۆژەی بەنداوی داریان بەشێك لە رەز و باخ و هەروەها ژمارەیەك بینا دەچنە ژێر ئاوەوە، بەڵام هیچ مەترسییەكی بۆ سەر پێكهاتەی مێژووی هەجیج نیە.

ئەمە لە حاڵێك دایە كە هاووڵاتییانی گوندی هەجیج لە ئەنجامی تەواو بوونی بەنداوی داریان نیگەرانن.