بەفر قوتابخانەکانی کوردستانی داخست/ گەرمیی هەوا لەدیواندەرە ٢٠ پلە لەژێر سفر دایە

20:25 - 15 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرمیی هەوا لە چوار ئوستانی کوردنشین، ژیانی و گوزەرانی هاووڵاتییانی تووشی گرفت کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە ئەنجامی سارد بوونی لەڕادەبەدەری هەوا، ئوستانە کوردنشینەکانی ئیلام، کرماشان. کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا، هاووڵاتییانی شار و گوندەکانی بەرەوڕووی قەیارن کردۆتەوە.

پلەی گەرمیی هەوا لەو چوار ئوستانە کوردنشینەکە هەتا ٢٠ پلەی سەدی دابەزیوە و خوێندن لە تێکرای قوتابخانەی ئەو چوار ئوستانە راگیراوە.

هەروەها دەگوترێت، گازی شاریی لە شارەکانی سەردەشت، سەڵماس، سەحنە، سەقز، بانە، بیجاڕ و قوڕوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر بڕدراوە و گازی شاری لە کرماشان تووشی پچڕان بووە.

لە زۆربەی شارەکان هەتا ٢٥ سانتی میتر بەفر باریوە و لە لەناوچە کوێستانی و شاخاوییەکان بارینی بەفر زیاتر لە ١ میتر بووە.

هەروەها لە قوتابخانەی سەرەتایی سەرتاسەری ئوستانەکانی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێران پشووی فەرمی راگەیەندروەو لە زۆربەی شارەکانی ئوستانی کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا قوتابخانەکانی شیفتی پاشنیوەرۆش داخراون.

هاتووچۆی ماشین لە جاددەی نێوان شارەکانی کوردستانی ئێران بە بێ بەستنی زنجیر ئیمکانی نییە و بەپێی وتەی جێگری ئیدارەی راهداریی رێکخراوی رێگە و ئاوەدان کردنەوەی ئوستانی کوردستان، بەفر و بۆران هاتووچۆی لە رێگەی٠ ٤٠ گوندی ئوستانی کوردستان راگرتووە.

هەروەها بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، بەهۆی ئەوی کە شەقام و رێگەوبانەکان لەلایەن ئیدارەی رێگەوبانەوە پاک نەکراونەتەوە، ترافیکی قورس لەنیو شارەکاندا دروست بووە.

گەرمیی هەوا لە دەوروبەری شاری دیواندەرە هەتا ٢٠ پلەی ژێر سفر (0) دابەزیوە وشەوی رابردوو هەوای شاری سنە لەژێر ١٠ پلەی سەدی‌دا بووە.

شەپۆلی بەفر بارین لە سەرلەبەیانیی رۆژی رابردووەوە ئوستانەکانی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێرانی گرتۆتەوە و لە هێندیک ناوچە بەفر بارین هەتا ئەمڕۆ سێ‌شەممە بەردەوام دەبێت و پلەی گەرمیی هەوا هەتا کۆتایی ئەم حەفتەیە دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت.