بەشێک لە دارستانەکانی دەوروبەری زرێبار ئاگریان تێبەردرا

21:51 - 27 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە لەوەڕگە و دارستانەکانی \"قەڵای ئیمام\" لە مەریوان بەدەستی کەسانێکی نەناسراو ئاگریان تێبەردرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٧ی جۆزەردان دارستان و لەوەڕگەکانی \"قەڵای ئیمام\" لە نزیک گۆلی زێبار لە ئاگردا سووتان.

هاووڵاتییانی ناوچەی مەریوان لەو باوەڕەدان کە ئەو دارستان و لەوەڕگانە لەلایەن کەسانێکی سەربە سپای پاسدارانەوە بەمەبەستی تێكدانی ژینگە و سروشتی كوردستان لە ئاگردا سووتێندراون.

هەروەها رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٥ی جۆزەردان بەشێكی بەرچاو لە دارستانەكانی گوندی \"رەشەدێ (سووركەلە)\"ی سەربە ناوچەی مەریوان لە ئاگردا سوتێندرابوون.

پێشتریش زیاتر لە ٨ هێكتار لە دارستانەكانی چوارباغ، پشت باغی مەلا قازی و تەرخاناوا لە دەوروبەری شاری مەریوان ئاگریان تێبەردرابوو.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە ماوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا زیاتر لە ١٧٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی دارستان لە گوندەكانی دەورووبەی دوو شاری مەریوان و سەوڵاوا تۆمار کراون.