بەشێک لەمامۆستایانی شاری سنە سەردانی پەیمان نۆدینیانیان کرد

20:57 - 19 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە مامۆستایانی دانیشتووی شاری سنە، سەردانی مامۆستای کورد پەیمان نۆدینانیان کرد.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەممە، مامۆستای کورد پەیمان نۆدینیان لەو قوتابخانەی کە تێیدا وانە دەلێتەوە، میواندارێتی لە بەشێک لە مامۆستایان و چالاکانی ژنی شاری سنەی کرد.

سزای ٢٠ زەربە قامچی ئەو ئەندامەی هەیئەتی مودیرەی ئەنجومەنی سینفی مامۆستایانی کوردستان، حەفتەی رابردوو و لە لقی بەڕێوەبردنی ئەحکامی دادگوستەری شاری سنە بەڕێوە چووبوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنەوە رایگەیاند، ئەو مامۆستایانە بە حازر بوون لە شوێنی کاری مامۆستا نۆدینیان لێدانی قامچی لە ناوبراویان شەرمەزار کرد.
لەو راپۆرتەدا هاتووە کە ئەو مامۆستایانە کە سەردانی پەیمان نۆدینیانیان کردوە رێزیان لە خۆڕاگری و بوێری ناوبراو گرتووە و بە مامۆستایەکی بژاردەی کورد لە قەڵەمیان داوە.

پەیمان نۆدینیان بە تۆمەتی \"بێ‌رێزی كردن بە مەئمووری دەوڵەت لەكاتی بەڕێوەبردنی ئەركەكانیدا\" لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای شاری سنەوە بە زیندانیی هەڵپەسێردراو و لێدانی قامچی مەحكووم كرابوو.

ئەو مامۆستا كوردە لە ساڵی ١٣٨٤وە هەتا ١٣٨٧، هاوڕێ لەگەڵ موختار ئەسەدی چالاكی فەرهەنگیی کورد، بۆ ئوستانی زەنجان دوورخرابوویەوە.

پەیمان نۆدینیان مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ هاوڕێ‌لەگەڵ ١٠ مامۆستای دیكە لە ئەندامانی ئەنجومەنی سینفی مامۆستایانی كوردستان بانگهێشتی لقی ٥‌ی دادگای شاری سنە كرابوون.

ئەو ١١ چالاكە فەرهەنگییە هاوینی ساڵی ١٣٩٠‌یش لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ كرابوو.