بەشێک لەدارستانەکانی شاری پاوە لەئاگردا سووتان

20:22 - 18 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: رووبەرێکی فراوان لەدارستانەکانی شاری پاوەی سەربە ئوستانی کرماشان لە ئاگردا سووتان و خەسارێکی بەرچاوی ژینگەیی بەو شوێنە گەیشتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر دارستانەکانی کێوی \"ئاتەشگا\"ی سەربە شاری پاوە لە پێنج لاوە ئاگریان گرت.

هەتا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە روون نەبووەتەوە بەڵام هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە دەڵێن ئەو ئاگرکەوتنەوە بە پێی ئەوەی لەپێنج لاوە رووی داوە بە ئەنقەست ئەنجام دراوە.

هاووڵاتییانی خەڵکی شاری پاوە هێزە نیزامییەکان بە هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە دەزانن.

ئاگرکەوتنەوەکە بە هەوڵی چالاکانی ژینگەپارێزی و هاووڵاتییانی خەڵکی پاوە کونتڕۆڵ کراوە.

ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان، زۆرتر هۆکاری سیاسی _ئەمنیەتی لەپشتە و هێزە حکوومەتیەکان لەترسی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و خۆحەشاردانیان لەشوێنە داپۆشراوەکان دەستیان بە ئاگردان و لە ناوبردنی دارستانەکانی ئەو ناوچانە کردووە.

لە زۆربەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەدا، هێزە نیزامییەکان پێش بە خەڵک دەگرن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و تەنانەت لە زۆر حاڵەتەکاندا چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیش دەستبەسەر دەکرێن.

نەبوونی کەرەسەی ئاگرکوژێنەوە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان خەسارێکی قەرەبوونەکراوەی بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە.