بەشی ئەمانەتی زانکۆی کوردستان موبایلی خوێندکاران دەپشکنن

13:51 - 12 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: پشکنینی موبایلی خوێندکاران لە لایەن بەشی ئەمانەتی زانکۆی کوردستان ناڕەزایەتیی خوێندکارانی ئەو زانکۆیەی لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەشی ئەمانەتی زانکۆی کوردستان، له کاتی تاقیکردنەوەی خوێندکاران، کاتێک گووشی لە خوێندکاران وەردەگرن، موبایلەکانیان دەپشکنن، هەتا دەستیان بە زانیاری کەسیی خوێندکاران بگات.

یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: \"هەتا ئێستە چەندین جار سکاڵامان دژی حەراسەتی زانکۆی کوردستان تۆمار کردووە و لەو پێوەندییەدا داوایان لە هەموو خۆێندکاران کردووە، لە کاتی تاقیکردنەوەدا موبایلەکانیان لەگەڵ خۆیان نەبەن یان بەشی پاشکەوتی گووشیەکانیان بەتاڵ بکەنەوە، چونکە بەشی ئەمانەت زۆر شارەزایانە کۆدی گووشییەکان دەکەنەوە\".

ئەو خوێندکارە باسی لەوە کردووە، لەو بارەیەوە چەند جار دژی حەراسەتی زانکۆی کوردستان سکاڵایان تۆمار کردووە.

ئەو خوێندکارەی زانکۆی کوردستان لە درێژەدا باسی لەوەش کردووە، ئێستە پشکنینی گووشی موبایلی خوێندکاران لە بەشی ئەمانەت بە بەشی حەراسەت سپێردراوە و بەرپرسانی حەراسەت بەم شێوەیە دەیانەوێت چالاکانی خوێندکاری و دژبەری حکوومەت بدۆزنەوە یا لەژێر چاوەدێریان بخەن.

ئەو خوێندکارە هەروەها ڕایگەیاندووە، خوێندکاران لە ترسی پشکنین و دەستپێڕاگەیشتنی حەراسەتی زانکۆ بە زانیاریی کەسییەکانیان موبایل لەگەڵ خۆیان نابەن.

حەراسەتی زانکۆکان لە ئێراندا بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەت هاوکاری دەکات و لە زانکۆکاندا لەگەڵ ئۆرگانە ئیتلاعاتییەکان لە ناسین، دەسبەسەرکردن و بانگهێشتی خوێندکارانی چالاکدا هاوئاهەنگیی تەواوی هەیە.