بەشداریی بەربڵاوی خەڵک لە ڕێوڕەسمی چلەی ژینا-مەهسا ئەمینی، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی دووکانداران لە شارەکانی کوردستان

17:06 - 4 خەزەڵوەر 2722

ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، ڕێوڕەسمی چلەی ژینا-مەهسا ئەمینی سەرەڕای ڕێوشوێنی توندی ئەمنییەتی، بە بەشداریی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، بەڕێوە چوو.

هاووڵاتییانی شاری سەقز بەهۆی داخستنی ئەو ڕێگایانەی کە دەچێ بۆ گۆڕستانی ئایچی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، بەڕێپێوان ئەو ڕێگەیان بڕی.

لەو ڕێوڕەسمەدا، هاووڵاتییانی ناڕازای بە دروشمی وەک "ژن، ژیان، ئازادی"، "نەمان بۆ دیکتاتۆر"، "ئازادی ئازادی"، "ئەمساڵ ساڵی خوێنە، سەید عەلی تیاچوونە"یان دا.

هەروەها لە ڕێوڕەسمی چلەی ژینا-مەهسا ئەمینی، هاووڵاتییان دروشمیان بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان و خوێندکارانی زیندانی دا.

وێنە و فیلمە نێدراوەکان بۆ ئاژانسی کوردپا، نیشانی دەدات کە هێزە ئەمنییەتی و هێزەکانی دژە شۆرش لە شەقامەکانی سەقز بە زۆر بڵاوە بە خەڵک دەکەن کە کەشێکی ئەمنییەتی بە سەر ئەو شارەیدا، زاڵ کردووە.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ژینا-مەهسا ئەمینی، بە بەشداریی سەدان هاووڵاتیی بە بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، دووکانداران و بازاڕییان شارەکانی سنە، مەریوان، مەهاباد، بانە، بۆکان، کامێران، سەقز، و جوانرۆ، دوکانەکانیان داخست.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەزەڵوەر و لە ٣٩هەمین ڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، بۆ ڕێگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینی، بنەماڵەکەی بە توندی لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان دابوون و هەڕەشەی دەسبەسەریی ئەشکان برای ژینایان کردبوو.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەزەڵوەر، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی "شاری ئانلاین سەقز" سەر بە فەرمانداریی ئەو شارە، بەیاننامەک بە ناوی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، لە پەیوەندیی بە بەڕێوەنەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ژینا، بڵاو کراوەتەوە، کە یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ژینا ئەمینی ئەو بەیاننامەیەی ڕەت کردەوە.

''عێرفان مورتزایی'' کوڕە پووری ژینا لە وتووێژێکدا، لەگەڵ کوردپا وتوویەتی کە ئەو بەیاننامەیە لە سەر بڕیاری ''جەعفەر توان'' فەرمانداری سەقز بە ناوی بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە لاپەڕەی ئینستاگرامی "شاری ئانلاینی سەقز" بڵاو کراوەتەوە و هیچ پەیوەندیی بە بنەماڵەی ژینا ئەمینییەوە نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو بەیاننامەیە ناڕاستە و تەنانەت ئەدەبیاتی لەگەڵ ئەدەبیاتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، جیاوازە.

عیرفان مورتزایی لە درێژەدا، وتوویەتی کە گوشاری زۆر لە سەر بنەماڵەی ژینا ئەمینی هەیە و ئەو گوشارە هەنووکە بەردەوامە.

ژینا (مەهسا) ئەمینی، لە ئەنجامی لێدانی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد لە شاری تاران چووە بێهۆشی درێژخایەن و ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران، گیانی لە دەست دا.

ناڕەزایەتیی سەرتاسەری پاش قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان، لە شارەکانی سەقز و سنە دەستی پێ کرد و هەتا ئێستا ٣٩ هاووڵاتیی ناڕازی لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا، لە شارکانی کوردستان، بەتەقەی هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی گیانیان لە دەست داوە و سەدان کەسی دیکە، بریندار کران.

زیاتر لە ٢ هەزار هاووڵاتیی ناڕازی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.