بەزوویی ڕاپرسی سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت

17:06 - 11 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: سەرۆکی هەرێمی کوردستان ـ عراق، سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە ئەنجامدانی ڕاپرسی سەربەخۆیی ئاگادار کردەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، لە دانیشتنی ڕۆژی ڕابردووی نێوان ئانتۆنیۆ گوترێش، سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کراوە.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وێڕای بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، نووسیویەتی: ئانتۆنیۆ گوترێش ئامادەیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ هاوئاهەنگی و هاوکاری لایەنە کوردی و عێراقییەکان بۆ چارەسەری کێشەکانی دوای داعش، دەربڕیوە.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ڕاپرسی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوە دەبەین تاکوو جیهان لە ویست و مافی خەڵکی کوردستان بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسیان ئاگادار بکرێن.

لە سەردانی سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەولێر باس لە بوونی سەدان هەزار ئاوارە لە کوردستان و بەرگری هێزی پێشمەرگە لەبەرامبەر داعش کراوە.

باس و خواستی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا هاتۆتە ئاراوە کە چوار ڕۆژ پێش ئێستا بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاڵای کوردستان بە فەرمی لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەڵکرا.

پێشتر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندبوو کە ئەمساڵ(٢٠١٧) پرسی ڕاپرسی سەربەخۆیی کوردستان دەخەنە دەنگدانەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەیش چەند مانگ لەمەوبەر ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە لەوێدا باس لە ڕزگارکردنی زیاتر لە ٩٥% خاکی کوردستانی عراق(باشوور) کرابوو.