بەرێوەچوونی مانگرتن لە بازاڕی شارەکانی کوردستان

19:51 - 1 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: بانگەوازی پشتیوانی و هاودەنگی لەگەل مانگرتنی زیندانیانی سیاسییی کورد لە زیندنای ناوەندیی ورمێ، لەلایەن هاووڵاتییانی کوردەوە پێشوازیی لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە پشت بەستن بە کەمپەینی \"ئەمڕۆ ورمێ دڵی کوردستانە\"، شارەکانی سەقز، سنە، شنۆ، پیرانشار و روانسەر، لە حاڵەتێکی نیوە داخراودا بوون بەشێک لە دووکانەکانیش نەکرابوونەوە.

لە شارەکانی مەهاباد و سەقز، بەهۆی بەربڵاویی مانگرتنەکەوە، هێزە ئەمنی و نیزامییەکان هەرەشەیان لە دووکانداران کردووە، کە ئەگەر دووکانەکانیان نەکەنەوە، بەتوندی هەڵسووکەوتیان لەگەڵدا دەکرێ و بەرەوڕووی سزای نەختیش دەبنەوە.

\"23770.jpg\"
مەئموورانی حکوومەتی لە شاری سەقز قوفڵی دەرکی چەند دووکانێکیان شکاندووەو دەرابەی دووکانەکانیشیان هەڵداوەتەوە
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، مانگرتن لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام بەهۆی فشاری دەزگا ئیتلاعاتییەکان و ئەمنیەتی بوونی شارەکان، بەشداریی هاووڵاتییان کەمرەنگ بووە.

هاوکات هێندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، مەئموورانی حکوومەتی لە شاری سەقز قوفڵی دەرکی چەند دووکانێکیان شکاندووەو دەرابەی دووکانەکانیشیان هەڵداوەتەوە.

لەدرێژەی رەوتی مانگرتن لە کوردستاندا، لە اشاری سنەش شارەکی پیشەیی ئەو شارە داخراوەو ژامرەیەک لە هاووڵاتییانی ئەو شراە، هەواڵی داخرانی ئەو شارۆچکە پیشەییەیان بۆ ئاژانسی کوردپا پشتڕاست کردۆتەوە.

\"23769.jpg\"
شارەکانی سەقز، سنە، شنۆ، پیرانشار و روانسەر، لە حاڵەتێکی نیوە داخراودا بوون بەشێک لە دووکانەکانیش نەکرابوونەوە
هەروەها بە شێوەیەکی بەرچاو لە شاری مەهابادیش دووکانەکان بۆل پشتیوانی لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، داخراون.

کەمپەینی \"ئەمڕۆ ورمێ دڵی کوردستانە\" ژامرەیەک وێنەی مانگرتنی ئەمڕۆی شاری مەهابدی بڵاوکردۆتەوە و هاوکات باسی لە هاودەنگی و پشتیوانیی ژمارەیەک لە گوندەکانی روانسەری کردووە، کە پشتیوانییان لە مانگرتنی زیندانیانی ورمێ دەربڕیوە.

مانگرتن لە زیندانی ورمێ بەردەوامە

برای یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو لە زیندانی ورمێ، ئەمڕۆ دووشەممە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ بەردەوامە و کێشی زیندانیانی سیاسیی کورد ئێجگار زۆر کەمی کردووەو کێشی جەستەی بەشێک لەو زیندانیانە زیاتر لە ١٠ کیلۆ کەمی کردووە.

لە رۆژی ٢٩ی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە ٢٨ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ مانیان لە خواردن گرتووەو چەندین داواکارییان رو ولە بەرپرسانی زیندان خستۆتەڕوو.

جیاکردنەوەی بێ ئەملاولای زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانیانی تۆمەتبار بە ماددە هۆشبەرەکان، سەرەکی‌ترین خواستی ئەو زیندانییە سیاسییانەیە.

بەڵینیی چارەسەریی پێویستی پزیشکی بۆ زیندانیان، نەهێشتنی فشار و ئەشکەنجە، هەڵاواردن و سووکایەتی کردن، بەشیکی دیکە لە داخوازیی زیندانیانی مانگرتووی ورمێ بووە.