بەرێوبەری پلاندانانی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا باسی لە تێرۆری دوکتور قاسملوو کرد

16:27 - 12 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرێوبەری پلاندانانی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا، بە وەبیرهێنانەوەی تێرۆری ڕێبەری کارێزماتیکی نەتەوەیی، دوکتور قاسملوو لە وڵاتی ڤییەن، لە پێوەندی لەگەڵ پەرەسەندنی تێرۆریزمی دەوڵەتیی حکوومەتی ئێران هۆشداری دا.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی پووشپەڕ، برایان هووک، بەرێوبەری پلاندانانی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە دانیشتنێکی هەواڵدەریدا بە ئاماژەکردن بە سەفەری حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری حکوومەتی ئێران بۆ سویس و ئوتریش ڕایگەیاند:\"بەو شێوەیە کە لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە، حەسەن ڕۆحانی سەردانی وڵاتی ئوتریش و سویس دەکات و لە هەوڵی دروست کردنی هاوکاریی لە نێوان وڵاتانی ئورووپایی و حکوومەتی ئێرانی هەیە\".

\"\"
برایان هووک، بەرێوبەری پلاندانانی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا
ناوبراو دەڵێت:\"هاوکات سەردانی حەسەن ڕۆحانی بۆ ڤییەن لەم مانگەدا لە بەرەبەری ٢٩هەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆری یەکێک لە دژبەرانی حکوومەتی ئێران لەژێر ناوی دیپلۆماسی، کە لەو تێرۆرەدا ڕێبەری حیزبێکی کورد و جیابیری حکوومەتی ئێران و دوو کەسی دیکە لەم مانگەدا تێرۆر دەکەن، جێگای سەرسووڕمانە\".

برایان هووک هەروەها ڕادەگەیەنێت: \"بەو پێیە ئێمە لەم ماوە کورتەدا، سەبارەت بە هەوڵە توندوتیژەکانی حکوومەتی ئێران، هەوڵە تێرۆریستییەکان، دانانەوە بۆمب، هێرشی سایبری، ڕفاندنی خەڵک، بارمتەگرتن، ڕفاندنی فڕۆکە، لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر ئەو پرسانە وتووێژ دەکەین\".

بەرێوبەری پلاندانانی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا دەڵێت: \"کاتێ کە شایەتی سەردانی کەسێک وەک حەسەن ڕۆحانی بۆ وڵاتانی ئورووپاین و لە هەوڵی دروست کردنی هاوکاریی لەگەڵ ئورووپاییەکانە، ئەم مێژووە زۆر دڵتەزێنە، چوونکە حکوومەتی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی توندوتیژی دژی وڵاتانی ئورووپایی ئەنجام داوە\".

ناوبراو لە کۆتاییدا پێداگری لەسەر ئەوە کردووە: \"کە ئورووپایییەکان دەبێ ئەوەیان لە بیر بێت کە لەگەڵ چ ڕێژیمێک سازان دەکەن\".

٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ٦٨ی هەتاوی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسلوو لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کوردستانی ئێران لە ڤییەن پێتەختی ئوتریش تێرۆر کران.

پێشتر، ڕۆژنامەی \"دی پرێس\" چاپی ئوتریش، تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حدکا لە ڤییەن بە یەکێک لە \"ڕەشترین پاژەکانی مێژووی ئوتریش\" ڕاگەیاندبوو.