بەرکەوتوویەکی چەکی کیمیایی لە مەریوان، دەستبەسەر کرا

19:45 - 25 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بریندارانی چەکی کیمیایی لە مەریوان، لەکاتی ئەنجامدانی هەوڵێکی فەرهەنگیدا لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا، محەمەد شەعبانی بەرکەوتووی چەکی کیمیایی و کارمەندی فەرمیی رێکخراوی ماڵیاتیی حکوومەتی ئیسلامی و خەڵکی شاری مەریوان، کە لە هەوڵی ئەوەدا بوو لە ساڵڕۆژی کیمیاباران کردنی شاری مەریوان و سەوڵاوادا، نێوان گوندی \"قەلاجی\"ی مەریوان هەتا هەڵەبجە بە پێ ببڕێت، لەلایەن هێزی ئینتزامیی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا.

ئەو بەرکەوتووە چەکی کیمیایی بە دروشمی \"نا بۆ شەڕ و کوشتاری خەڵکی سڤیل\" ئەو هەوڵەی ئەنجام داوەو پاش بڕینی ٢٥ کیلۆمیتر رێگە، هێزە ئینتزامییەکان دەستبەسەریان کردووە.

دەگوترێ، هێزە ئینتزامییەکان بە بڕیاری فەرمانداریی مەریوان، ئەو بەرکەوتووەی چەکی کیمیاییان دەستبەسەر کردووە.

\"25976.jpg\"
محەمەد شەعبانی کارمەندی فەرمیی رێکخروای ماڵیاتیی حکوومەتی ئیسلامی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەر کرا
ئەم هەوڵەی محەمەد شەعبانی، لەگەڵ پێشوازیی بەربڵاوی بەرکەوتوان و بریندارانی چەکی کیمیایی ناوچەکە بەرەوڕوو بۆتەوە.

مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٧، گوندەکانی نژمار، کانی دینار، هیجرە، دەگا شێخان، بارام‌ئاوا، بالک، قەڵاجی و دزڵی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بۆردوومانی کیمیایی کران.

لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە کیمیاییەدا ٤٠٠ کەس بریندا بوون و ٤٠ کەسیش گیانیان لەدەست دا.

هەروەها لەکاتێکدا بڕیاربوو، پەیکەرێک بۆ یادی قوربانیانی چەکی کیمیایی مەریوان و سەوڵاوا لە مەریوان دابندرێت، بەڵام بەرپرسانی ئوستانی کوردستان ئەو پەیکەرەیان لە سنە دانا.

نوێنەری مەجلیس لە شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا، گۆڕینی ئەو بڕیارەیان لە مەڕ دانانی پەیکەرێک بۆ یادی قوربانیانی مەریوان بۆ شاری سنە، نامرۆڤانە لەقەڵەم داوە.