بەرپەرسانی زیندانی سەقز ئیزنی مەرەخەسی بە زیندانییەکی کورد نادەن

21:07 - 25 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی شاری سەقز ئیزنی چوونە مورەخەسی بە زیندانییەکی سیاسیی کورد نادەن.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەلی ئەمینی زیندانیی سیاسیی کورد سەرەڕای ئەوە کە چەندین جار داوای مەرەخەسی کردووە، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی ئەو زیندانەوە وەڵامی داواکارییەکەی نادەنەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە رۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز ناساندووە.

عەلی ئەمینی سەرماوەزی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر و ماوەی ٢٢ رۆژ لە ئیتلاعاتی شارەکانی سەقز و سنەدا راگیرابوو.

کەسانی نزیک لە بنەماڵەی ئەو زیندانییە رایانگەیاندووە، کە لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا بە توندی ئەشکەنجە کراوە و ئاسەوارەکانی بە لەشیەوە دیار بووە.

ناوبراو دواتر و بە دانی بارمتەی ٣٠ میلیۆن تومانی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە.
ئەم زیندانییە کوردە لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقزەوە بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درابوو کە دواتر دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان حوکمەکەی بۆ ٣ ساڵ کەم کردەوە.

لە ماوەی ٦ مانگی رابردوودا دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانی مورەخەسی بە زیندانیانی سیاسی خۆی بواردەوە.