بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی پاوە هەڕەشەی لە چالاکانی فەرهەنگی کرد

ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری پاوە، لە ڕێوەڕسمی ڕێزلێنان لە هونەرمەندی ناسراوی کورد عوسمان هەورامی، هەڕەشەی لە چالاکانی فەرهەنگی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەرمانان، هیدایەت مەحموودی، بەرپرسی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری پاوە، لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە عوسمان هەورامی هونەرمەندی سیاچەمانەبێژ، بە بەڕێوەچوونی ئێوارەشێعری \"پلوورەوارانی دەنگەکان\" لە لایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی \"قەڵەمی هاوچەرخی کورد\" دژکردەوەی نیشان دا.

لەو ڕێوڕەسمەدا بە هەڕەشەکردن لە شاعێران و چالاکانی بواری فەرهەنگی ڕاگەیەندراوە: \"نابێت ئیزن بدرێت هیچ کەسێک لەسەر ویست و داخوازیی خۆی شێعر یان بابەت بڵێت و دەبێت ئەو شێعر و بابەتانە سانسوور بکرێت\".

بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی پاوە ڕایگەیاندووە: \"نابێت لە شاری پاوە ئیزن بە هەر کەسێک بدرێت، بە ویستی خۆی هێڵە سوورەکانی حکوومەتی ئێران ببەزێنێت\".

ناوبراو دەڵێت: \"حکوومەتی ئیڕان بڕوای بە من کردووە و منیش ئیزن نادەم بە بەڕێوەچوونی وەها ئێوارەشێعرگەلێ ئەو متمانەیە ببرێتە ژێر پرسیارەوە\".

ماوەیەک پێش، ئێوارەشێعرێک بە ناوی \"\"پلوورەوارانی دەنگەکان\" لە لایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی \"قەڵەمی هاوچەرخی کورد\"، بە بەشداریی ژمارەیەک لە شاعێران و چالاکانی فەرهەنگیی کورد لە شارەکانی کوردستانی ئێران، لە شاری پاوە بەڕێوە چوو.

بە وتەی یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگیی کورد، یەکێک لە شاعێرە کوردەکان لە ناو شێعرەکانیدا، ئاماژەی بە خۆڕاگریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد کردبووە، کە تووڕەبوونی بەرپرسی ئیدارەی ئیرشادی شاری پاوەی لێ کەوەتەوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: لە ڕۆژی بەرێوەچوونی ئەو ئێوارەشێعرە هەتا ئێستا، ئیدارەی ئیرشادی شاری پاوە ئەنجومەنی \"قەڵەمی هاوچەرخی کورد\"ی خستووەتە ژێر گوشارەوە، کە زانیاری و ناو و نیشانی ئەو شاعێرە کوردەی پێ بدەن، هەتا دژی ئەو شاعێرە دۆسییەکی نوێ ساز بکەن.