بەرپرسی شارەوانیی شاری جوانڕۆ لەسەر کار لابردرا

15:58 - 7 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: ئوستانداری کرماشان لە کردەوەیەکی سەرسووڕهێنەردا و لە کاتێکدا کە سێ رۆژ بۆ ناساندنی ئوستانداری نوێ مابوو، شارەداری هەڵبژێردراوی شاری جوانڕۆ لەسەر کار لابردرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی سەرماوەز بەختیار مەحموودی بەرپرسی شارەوانیی شاری جوانڕۆ، لەلایەن ئوستانداری کرماشانەوە دەنگی متمانەی لێ ئەستێندرایەوە.

\"17083.jpg\"
بەختیار مەحموودی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی شۆرا بۆ جاری دووەم وەک بەرپرسی شارەوانیی شاری جوانرۆ هەڵبژێردرا
شارەداری وەلانراوی شاری جوانڕۆ ناوەڕاست مانگی خەرمانانی ئەمساڵ بۆ جاری دووەم بۆ بەرپرسایەتیی شارەوانیی شاری جوانرۆ هەڵژیڕدرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەوالە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ دەگوترێت کە بەختیار مەحموودی لە پۆستەکەی وەلا نراوە، بەڵام هەتا ئیستا لەلایەن ئوستانداری کرماشانەوە بەشێوەی نووسراوە رانەگەیەندراوە.

ئەستاندنەوەی دەنگی متمانە لە شارەداری هەڵبژێردراوی شاری جوانڕۆ لەکاتێک دایە کە بەختیار مەحموودی بە زۆرینەی دەگی ئەندامانی ٩ کەسیی شۆرای خولی چوارەمی شاری جوانڕۆ بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرابوو.

هەروەها هێندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە شارەداری شاری کرماشانیش لەلایەن ئوستانداریی کرماشانەوە دەنگی متمانەی پێ نەدراوە.

وەلانانی شارەداری هەڵبژێردراوی شاری جوانڕۆ لە کاتێکدا روو ئەدات کە رۆژی شەممەی حەفتەی داهاتوو وەزیری ناوخۆی وڵاتی ئێران بۆ ناساندنی ئوستانداری نوێی کرماشان سەردانی کرماشان دەکات.

هەنووکە حوجەتوڵڵا دمیاد بەرپرسیارەتیی ئوستانداریی ئوستانی کرماشانی لە ئەستۆیە.