بەرپرسی زانستگەی ئازادی سەقز لەکارەکەی لادرا

21:57 - 3 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: لێپرسراوێکی پارێزگای کوردستان لە هەوڵێکی \" بەدوور لە چاوەڕوانی\" بەرپرسی زانستگەی ئازادی ئیسلامی ــ یەکەی سەقزی وەلانا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممەی ئەم مانگە، دوکتور شەهباز موحسێنی، بەرپرسی زانستگەی ئازادی سەقز وەلانراو دوکتور کەیوان شافعی وەک بەرپرسی نوێ ناسێندرا.

لە ڕێوڕەسمی ناساندی بەرپرسی نوێی زانستگە، هیچ کەسێک لە بەرپرسانی باڵای دەوڵەتیی، شارستانی سەقز ئامادە نەبوون.

\"30695.jpg\"
دوکتور شەهباز موحسێنی
ڕاگەینە خۆجێییەکان، هەوڵی بەرپرسی زانستگەی ئازادی ئیسلامیی کوردستان لە وەلانانی دوکتور موحسێنی بە \"ناپەسند و ستەمکردن لە مافی بەڕێوەبەرە زەحمەتکێشەکان\" لەقەڵەم دەدەن.

سەرچاوەیەک لە سەقز لە وتووێژێکی کورتدا بە هەواڵنێری کوردپای وت، هۆکاری وەلانانی بەرپرسی زانستگەی ئازاد لەم شارەدا؛ دەستێوەردان و گوشاری موحسێن بیگلەری نوێنەری مەجلیسی ئیسلامی( سەقز) لە کاروباری بەڕێوەبەری زانستگەیە.

ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: مامۆستا شەهباز لە کەسایەتییە ناودارەکانی بیاڤی فەرهەنگە کە سەرچاوەی گۆڕانێکی زۆرچاک لە سەقز و ناوچەکە بوو.

هەروەها دوکتور موحسێنی دەنگۆی وەلانانی خۆی بیستبوو، بەڵام لە سەرەتای ئەو حەتوویەدا لێژنەیەک لە لێپرسراوانی پارێزگای کوردستان بەبێ ئاگادارکردنەوە، هاتوونەتە سەقز و ڕاستەوخۆ لە دانیشتنێکی بچووکی ناو هۆڵی زانستگە، وەلانانی دوکتور موحسێنی جێبەجێ دەکەن.

دوکتور موحسێنی کە لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ لەم زانستگەیەدا دەستبەکار بووە، چەندین چالاکی وەک سێمیناری کەوناراناسی زیویە، پەردەلادان لە کتێب و دیوانی نووسەرانی کوردستان و گەشەی فەرهەنگ و وێژەی کوردی هەوڵی بێوچانی داوە.

ناوبراو بڕوانامەی خوێندنی دوکتورای ئەدەبیاتی فارسی و دوو بڕوانامەی خوێندنی کارناسی باڵای ئیلاهیات و نوسخەناسی هەیە.

لە زانستگەی ئازادی سەقز کە ڕەزبەری ١٣٧٩ هەتاوی دامەزراوە، زیاتر لە ٣٠٠٠ خوێندکار لە ٧٥ ڕەشتەی کاردانی، کارناسی و کارناسیی باڵا سەرقاڵی خوێندنن.