بەرپرسی حەراسەتی شەبەکەی بێهداشتی بۆکان، هەڕەشەی دەستدرێژیی جنسی لە کارمەندانی ژن دەکات

15:50 - 21 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: فشار و هەڕەشەی بەرپرسی حەراسەتی شەبەکە بێهداشتی شاری بۆکان بۆسەر پەرستار و ژنە کارمەندانی نەخۆشخانە و شەبەکەی بێهداشت، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی لەو ناوەندانە لێکەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەک لە شاری بۆکان، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەک لە کارمەندانی شەبەکەی بێهداشت و نەخۆشخانەی شاری بۆکان، لەلایەن بەرپرسی حەراسەتی شەبەکەی بێهداشتی بۆکان بەرەوڕووی لەسەر کار دەرکران و زیندانی کردن و تەنانەت چەند کارمەندیکی ژنیش بەرەوڕووی هەڕەشەی دەستدرێژیی جنسی بوونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، \"ج. ر\"، کە بەرپرسی حەراسەتی شەبەکە بێهداشتە و خەڵکی شاری میاندواوە، ماوەی ١٠ ساڵە بەرپرسی حەراسەتی شەبەکەی بێهداشتی شاری بۆکانی لە ئەستۆیەو لەو ماوەیەدا چەندین کارمەندی نەخۆشخانەی شاری بۆکان وەکوو \"قاسم رەحیمی ئازەر و عەلی ئیسماعیل‌نژاد و شۆڕش ئاریاپوور\"ی تووشی زیندانی و لەسەر کار دەرکران کردووە.

باسی لەوەش کرد، ئەو بەرپرسە لەگەڵ کەسیک بەناوی \"ک. ئ\"، کە پێشتر نوێنەری سوپای پاسداران لە شاری بۆکان بووەو هەنووکە بەرپرسی بەشی \"کارگوزینی\"ی شەبەکەی بێهداشتە، بەو کارمەندە ژنانەی نەخۆشخانەی شاری بۆکانیان راگەیاندووە: ئەگەر \"سیخوڕی\"یان بۆ نەکەن، دەستدرێژیی جنسی‌یان دەکەنە سەر.

گوتیشی، ئەو دوو کەسە کەلە ناو دەزگا ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکان‌دا کەسانێکی دەستڕۆیشتوون، بە هاوکاریی کەسێکی خەڵکی شاری بۆکان بەناوی \"ر. ک\"، بە شێوەی بەربڵاو ماددەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوەو هەتا ئێستا دەیان لاوی شارەکەیان تووشی ماددە هۆشبەرەکان کردووە.

پاراستنی \"بەرژەوەندی‌\"یەکانی نیزام و کاری \"سیخوڕی\" وەکوو ئەرکە سەرەکییەکانی حەراسەت لە زانکۆ و شوێنەکانی دیکەی وەک نەخۆشخانەکان دیاریکراوەو بەرپرسانی حەراسەت لەو شوێنانە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە دیاری دەکرێن.