بەرپرسی بناژۆخوازی ناوەندی چاپەمەنی کوردستان وەلانرا

19:39 - 16 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: شیروان یاری بەرپرسی ناوەندی چاپەمەنیی کوردستان، کە لەلایەن رێکخراوێکی مافی مرۆڤییەوە وەکوو کەسێکی سەر بە باڵی بناژۆخوازەکان دادەندرا، لەلایەن لێژنەی بەڕێوەبەرییەوە لە سەر پۆستەکەی لابردرا.

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی \'\'رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان\"؛ لێژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندی چاپەمەنیی کوردستان؛ لاوازیی بەڕێوەبەری، وەرگرتنی بەرتیل، پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەکان و خستنە پراوێزی رۆژنامەنووسانی رخنەگر و بە ئەزموونیان لە کردەوەکانی شیروان یاری لە ماوەی بەرپرسایەتی لە ناوەندی چاپەمەنیی کوردستان لەقەڵەم داوە.

ئەجلال قەوامی رۆژنامەنووسی کورد، فەزای کاریی ٨ ساڵ دەورانی ئەحمەدی نژادی لە بیاڤی چاپەمەنییەکان، فەزایەکی \"لۆمپەن(شەڕانگێز)\" لە قەڵەم دا و بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند: کەڵکی تایبەتی و تاکەکەسی وەرگرتن، هەڵسووکەوتی سەلیقەیی، نەبوونی فەزای رخنە قەبووڵ کردن و هەروەها نەبوونی لێهاتووی لە پیشەی رۆژنامەنووسی لە کێشە سەرەکییەکانی چالاکی چاپەمەنی کوردستانن.

\"17718.jpg\"
شیروان یاری بەرپرسی ناوەندی چاپەمەنیی کوردستان، لەلایەن لێژنەی بەڕێوەبەرییەوە لە سەر پۆستەکەی لابردرا
ئەم رۆژنامەنووسە کوردە راشیگەیاند کە بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی رۆحانی، دۆخی چاپەمەنییەکان بە بەراورد لەگەڵ رابردوو هیچ گۆرانێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و بگرە بەرەو ئاقارێکی ناڕوونتر هەنگاوی ناوە.

دەوترێت حەفتەنامەی سیروان کە شیروان یاری سەرنووسەریی ئەو حەفتەنامەیەی لە ئەستۆیە، لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا بلیندگۆی رەوتی ئەحمەدی نژاد لە ناوچە کوردنشینەکان بووە و چەندین جار رۆژنامەنووسان و رەوتە سیاسیی و مەدەنییەکانی لە کوردستان کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی خۆی و بیرێزی کردووە پێیان.

ئوستانی سنە بە حەشیمەتی یەک میلیۆن و ٤٨٨ هەزار کەس و رووبەری ٢٠٣ هەزار و ٢٨ کیلۆمێتری چوارگۆشە لە رۆژئاوای ئێران هەڵکەوتووە، کە هەنووکەش لە هەبوونی رۆژنامەیەک بۆ گواستنەوەی هەواڵ و روداوەکانی ئەو ئوستانە بێبەشە.