بەرپرسانی نیزامی و حکوومەتی پێش بە بەدواچوونی دۆسیەی کۆڵبەرێکی کورد دەگرن

20:57 - 9 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی نیزامی و حکوومەتی پێش بە بەدواچوونی دۆسیەی کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی مەرگەوەری ورمێ دەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی نیزامی و حکوومەتی لە ناوچەی مەرگەوەری ورمێ پێش لە سکاڵای بنەماڵەی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"لەزگین شەعبانی\" دەگرن.

بەوتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، یەکێک لە فەرماندەکانی حکوومەتی بە بنەماڵەی ئەم قوربانییەیان ڕاگەیاندووە، کوژرانی کوڕەکەیان بە یەکێک لە کوژراوەکانی شەڕ لەگەڵ دژبەرانی شۆڕش ناوزەد دەکەین و ناوی لەزگین لە لیستی بونیادی شەهید تۆمار دەکەین.

چەند ڕۆژ پێش، بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە بەرزاییەکانی \"داڵانپەڕ\" لە کۆڵبەرانی کورد، لەزگین شەعبانی خەڵکی گوندی \"کۆڵەبی\" لە ناوچەی مەرگەوەری ورمێ گیانی لە دەستدا.

دەوترێ، ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە و بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان ڕووی لە پیشەی پڕمەترسی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان کردووە.

ئەو ڕاپۆڕتە لە درێژەدا دەڵێت: لەو ڕووداوەدا، دوو کەسی دیکە لە کۆڵبەرەکان بە سەختی بریندار بوون و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ کراون.