بەرپرسانی زیندان پێش بە چارەسەری پزیشکی زەینەب جەلالیان دەگرن

14:28 - 15 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد، لە زیندانی خۆی تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بووە، وێرای داواکردنی ئەو زیندانییە بۆچارەسەر کردنی نەخۆشییەکەی لە دەرەوەی زیندان ، لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە پێشی پێ دەگیردێت.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بووەتەوە، زینەب جەلالیان لە زیندانی خۆی تووشی نەخۆشی بۆقژە( برفک دهان) بووە و وێڕای ئەوەش چاوەکانی کز بوون، بەڵام هەتا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتییەوە ئیزنی چارەسەری لەدەرەوەی زیندانی پێ نەدراوە.

بەپێی زانیارییەکان ، نەبوونی دەرمان کێشەی جیدیی بۆ چاوی زەینەب دروست دەکات و هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بۆ چارەسەری ناوبراو لە دەرەوەی زیندان هیچ هەوڵێک نەدراوە.

زەینەب جەلالیان، ساڵی ١٣٨٦ لە کرماشان دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەو چالاکە سیاسییە، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی \"محاربە\"، حوکمی لەسێدارەدرانی بۆ بڕایەوە و دواتر ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.