بەرپرسانی حکوومەتی هێشتاش پێش بە بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی لە مزگەوتی ئیسلام ئاوای سوننەکانی شاری ورمێ دەگرن

15:41 - 19 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: دەستێوەردانی ئیدارە و بەرپرسانی حکوومی لە کاروباری مزگەوتی سوننەکانی شارۆچکەی \"ئیسلام ئاوا\"ی ورمێ، بەڕێوەنەچوونی نوێژی هەینیی سوننەکانی لەماوەی ٣ حەوتووی ڕابردوودای لێ‏کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٨ی بەفرانبار، بۆ سێهەمین حەوتووی بەرودوا نوێژی هەینیی مزگەوتی سوننەکانی شارۆچکەی ئیسلام ئاوای ورمێ بەڕێوە نەچووە.

هەواڵنێری کوردپا لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا گوتی: \"ئیدارە حکوومەتییەکان مەلایەکی حکوومەتییان بە ئیسکۆرتەوە بۆ پێشنوێژیی ئەو مزگەوتە ناردووە، کە ئەمەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی کوردی ئەو ناوچەیەی بەدواوە بووە\".

\"29309.jpg\"
مەلا ڕەزا عەبدی، بەرپرسی قوتابخانەی ئایینی سەلاحەدینی ئەیووبی
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: \"هاووڵاتیانی کوردی شارۆچکەی ئیسلام ئاوا، بەنیسبەت ئەو هەنگاوەی ئیدارە حکوومەتییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە بە دەستێوەردانی هێزە تایبەتەکانی حکوومەت، دۆخەکە توندوتیژیی لێ‏کەوتووەتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە، ئەو توندوتیژیی و ئاڵۆزییانە ١٠ برینداری لێ‏کەوتووەتەوە.

دانیشتوانی شارۆچکەی ئیسلام ئاوای ورمێ، بەناردنی مامۆستایەک بەناوی تاهیر پەیغامی لە لایەن حکوومەتەوە بەمەبستی بەڕێوەبردنی نوێژی هەینی، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوایان کردووە کە پێش نوێژی پێشووی ئەو مزگەوتە، واتە مەلا ڕەزا عەبدی بگەڕێننەوە.

هاووڵاتیانی کوردی ئەو ناوچەیە ڕایاگەیاندووە؛ \"بە هیچ شێوەیەک لە پشت سەر ئەو مامۆستایە نوێژ ناخوێنن\".

لە کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزدا، کەسانی سەر بە حکوومەت پێشیان بە بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی لە مزگەوتی \"قودس\"ی شارۆچکەی \"ئیسلام ئاوا\"ی شاری ورمێ گرت.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، مزگەوتی قودسی ئیسلام ئاوا و قوتابخانەی ئایینی سەلاحەدینی ئەیووبی، بە بەرپرسایەتیی مەلا ڕەزا عەبدی، ئیدارە کراوە و سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەو مزگەوتەی سوننە مەزهەبەکان لە لایەن خەڵکی خێرخوازەوە دابین کراوە و مزگەوتەکەش بە کۆکردنەوە و هاوکاریی ماڵیی هاووڵاتیانی کوردەوە بینا کراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا گوتی: \"ئەو کەسانە دەیانهەوێ بە نانەوەی دووبەرەکی، بەڕێوەبردنی مزگەوت و قوتابخانەی زانستە دینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبی بخەنە ژیر ڕکێفی ئیدارە حکوومەتییەکانەوە\".

\"29311.jpg\"

\"29310.jpg\"

\"29312.jpg\"

\"29313.jpg\"