بەرهەم ساڵح بوو بە سێهەم سەرکۆماری عێراقی فیدراڵ

13:33 - 11 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: پاش چەند مانگ مشتومڕی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پارلمانی کوردستانی عێراق، پارلمانی ئەم وڵاتە پرسی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی یەکلایی کردەوە.

پارلمانی عێراقی فیدراڵ، شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر پاش دوو دەورە دەنگدان، دەنگی متمانەی بە بەرهەم ساڵح جێگری سکرتێری پێشووی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بەخشی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی فیدراڵ.

لە دانیشتنی دوێنێ‌ شەوی پارلمانی عێراق بە ئامادەبوونی ٣٠٢ پارلمانتار کە بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی بەڕێوە چوو، د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە کۆی دەنگی ٢٧٢ پارلمانتار ٢١٩ دەنگی بەدەستهێنا و بوو بە سێهەمین سەرکۆماری عێراقی فیدراڵ لە پاش ڕووخانی سەدام حسەین.

دوای سوێندخواردنی وەک سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح رایگەیاند \"یەکیەتیی عێراق دەپارێزم. سەرۆکی هەموو عێراق دەبم نەک سەرۆکی پێکهاتە و لایەنێکی دیاریکراو، دەبمە پارێزەری دەستوور، هەولێر و نەجەف بۆ من یەک ماڵن\"؛ هەروەها بەپێی هەواڵەکان ناوبراو \"عادل عەبدولمەهدی\" وەک بژاردەی سەرەکی سەرۆکوەزیران دیاری کردووە و ئەرکداری کردووە تاکوو کابینەی دەوڵەت پێک بهێنێت.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هەریەک لە برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئامریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دۆگلاس سیلیمان، باڵوێزی ئامریکا لە عێراق و جۆن ویلکس، باڵوێزی بریتانیا لە عێراق، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزباییان ئاراستەی بەرهەم ساڵح کرد.

د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح ساڵی ١٩٦٠ی زایینی لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان لە دایک بووە؛ لە ساڵی ١٩٨٣ی زایینی لە بواری ئەندازیاری شارسازی لە زانکۆی \"کاردیەف\"ی بریتانیا خوێندنی تەواو کرد؛ دواتر لە ساڵی ١٩٨٨ لە زانکۆی لیڤێرپول بڕوانامەی دوکتورای لە بواری ئامار و بەرنامەنووسی کامپیۆتێر وەدەست هێنا.

لە ساڵی ١٩٧٦ دا بوو بە ئەندامی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی پێوەندییە دەرەکییەکانی یەکیەتی لە لەندەن و دواتریش بووە نوێنەری یەکیەتی لە ئامریکا؛ ساڵی ٢٠٠١ تاکوو ٢٠٠٤ بوو بە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.