بەرهەمەکانی حەسەن زیرەک بە پێداچوونەوەیەکی نوێوە بڵاو کرانەوە

21:52 - 8 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: گۆرانییەکانی هونەرمەندی ناوداری کورد \"حەسەن زیرەک\" کە لەلایەن \"قادر نەسیری‌نیا\"(قادر زیرەک)وە پێداچوونەوەی بۆ کراوە ، لە قاڵبی کتێبێکدا چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەو کتێبە ٤٠٠ گۆرانی، ٦٢ مەقام بە زاراوەی سۆرانی، ٢ مەقام بە زاراوەی هەورامی، ١ حەیران، ٨ بەرهەمی فارسی و ٣ گۆرانی تورکی لە خۆ گرتووە و لەلایەن دەزگای \"ئانا\"وە لە شاری تاران، چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

بەرهەمی \"ناڵە شکێنە\" بۆ جاری چوارەم لە پێداچوونەوەیەکی نوێدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە و چەندین وێنەی دەگمەنی \"حەسەن زیرەک\"یشی لە خۆ گرتووە.
قادر نەسیری نیا بە ماڵپەڕی \"سیروان\"ی راگەیاندووە، حەسەن زیرەک گۆرانیی لوڕی \"دایە دایە وەختە جەنگە\"ی بەباڵای هونەرمەند \"قەدەم خێر\"ی گوتوۆتەوە و لە بەرهەمەنکانی خۆیدا نێوی ٦٢ گوند و هەروەها شارەکانی \"تاران، بەغدا، رۆم، برلین، هەولێر، کرماشان، بۆکان، خوڕەماوا\" و هەندێک لە ئاسەوارە کەوناراکانی کوردەواری، هێناوە.

\"12303.jpg\"
قادر نەسیری‌نیا، (قادر زیرەک)
حسەن زیرەک ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە گوندی \"هەرمێلە\"ی سەربە شاری بۆکان لە دایکبووە و لە بەر لێھاتووی بە زیرەک ناوی دەرکردووە و لە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوەتیدا شاگرد شۆفیری، مسگەری و قاوەچییەتی و کردووە.

زیرەک لە هەرەتی لاوەتیدا کە شاگرد شۆفێری مینی بووس بووە تووشی رووداوێک بووە و بەوهۆیەوە ئاوارەی ئێراق بووە و لە شاری بەغدا گیرساوەتەوە.

ساڵی ١٣٣٢ بۆ یەکەم جار دەنگی لە رادیۆی کوردی بەغداد دەبیسترێ و بەم جۆرە مەیدانێکی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژی زیرەک پەیدا بووە و بەم شێوەیە لە ماوەی تەمەنیدا دەیان بەرهەمی گۆرانی و هونەری تۆمار کردووە.

هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵئاوایی لە زێد و نێشتمانەکەی کرد و لە ئامێزی ناڵەشکێنە بە خاک سپێردرا.