بەرهەمەكانی دوكتور یوونسی لە كۆڕێكدا لە زانستگای بەهەشتیی تاران شرۆڤە دەكرێن

15:27 - 27 بانەمەڕ 2712
کوردپا: گرووپی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزیی سەر بە كۆلیژی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەكانی زانستگای بەهەشتیی تاران لە توێژینگەی خوێندنەوەی وەرگێڕانی ئەو زانستگایە بە بەشداریی دوو مامۆستای كورد لە كۆڕێكدا بەرهەمەكانی دوكتور ئیبراهیم یوونسی شرۆڤە دەكات.

لە بانگەوازێكدا كە توێژینگەی خوێندنەوەی وەرگێرانی گرووپی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزیی سەر بە كۆلیژی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەكانی زانستگای بەهەشتیی تاران بڵاوی كردۆتەوە و نوسخەیەكی بە ئاژانسی كوردپا گەیشتووە، دوو مامۆستای كورد دوكتور بەختیار سەجادی و سروە مونیری لە كۆڕێكدا لەژێر ناوی \"ریالیزم لە وەرگێڕان\" رۆژی سێشەممە رێكەوتی 2ی جۆزەردانی 1391ی هەتاوی، بەرهەمەكانی دوكتور ئیبراهیم یوونسی، نووسەر و وەرگێڕی بە توانای كورد تاوتوێ‌ دەكەن.

ئەو كۆڕە بۆ خوێندكارانی فەوقە لیسانس و دوكتۆرای بەشەكانی ئەدەب و وەرگێڕانی كۆلیژی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەكانی زانستگای بەهەشتی لە تاران ساز دەكرێت كە سێ‌ كاتژمێر دەخایەنێت.

دوكتور ئیبراهیم یوونسی، نووسەر و وەرگێری كورد ساڵی 1305 لە شاری بانە لەدایك بووە.
ـ لە ماوەی زیاتر لە 85 ساڵ تەمەنیدا گەلێك بەرهەم و كتێبی بەنرخی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی فارسی و چەندین رۆمانی ناوازەشی نووسیویە كە هەوێنی زۆربەیان روودا و پێشهاتە سیاسی، مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكانی كوردستانن.
ـ لەمەڕ مێژووی هاوچەرخی سیاسیی كورد چەند بەرهەمی بەنرخی نووسەرانی بیانیی وەرگێڕاوە.
ـ سەرەنجام پاش زیاتر لە 85 ساڵ تەمەنی پڕ بەرهەم، رێكەوتی 19ی رێبەندانی ساڵی 1390ی هەتاوی لە تاران كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی سڵێمان بەگی بانە لە زێدی لەدایك بوونی بە خاك سپێردرا.
\"4565.jpg\"
ـ دوكتور بەختیار سەجادی، ساڵی 1355 لە شاری سنە لەدایك بووە.
ـ خاوەنی دوو بڕوانامەی دوكتۆرا: 1 ـ دوكتۆرای پسپۆڕیی (PHD) زمان و ئەدەبی ئینگلیزیی لە لە زانستگای ئەكستر لە بریتاینا 2 ـ دوكتۆرای پسپۆڕیی (PHD) ی فەلسەفەی رۆژئاوا لە زانستگای پونای لە هیندوستان.
ـ مامۆستای گرووپی زمان و ئەدەبی ئینگلیزیی و زمانناسیی، كۆلیژی ئەدەبیات و زانستیە مرۆییەكانی زانستای كوردستان.

ـ یەكێك لە توێژەرانی چالاك لە زمانەكانی: ئینگلیزی، فارسی و كوردی و هەتا ئێستا لەم بوارەدا چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە و چەندین كتێبی توێژینەوەیی لە بواری ئەدەب، رەخنە، وەرگێران و مێژووی ئەدەبی كوردی نووسیویە و سەرپەرستیی چەندین پڕۆژەی وەرگێڕانی ئەدەبی هاوچەرخی كوردی بۆ زمانی ئینگلیزی كردووە.