بەرهەمی هونەرمەندانی پاوەیی بۆ رزگار کردنی کانی بڵ

15:07 - 1 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندانی کوردی خەڵکی شاری پاوە گۆرانییەک بۆ پشتیوانی و رزگار کردنی کانی بڵ بەرهەم دێنن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هونەرمەندانی کورد لە شاری پاوە گۆرانییەک لەژێر ناوی\" نیشتمان\" کە ماوەی ٧ مانگ بوو سەرقاڵی هۆنینەوەی بوون بۆ پشتیوانی لە کەمپەینی کانی بڵ بڵاو دەکەنەوە.

ئەو گۆرانیە بە دەنگی هونەرمەندان شاهۆ حوسینی،شوعەیب خالیدی زادە و ئارام مستەوفی بەرهەم هێنراوە.

بەڕێوەبەری هەیئەت مودیرەی خانەی موسیقی و شاعیری ئەو بەرهەمە بە کەمپەینی پشتیوانی لە کانی بڵی راگەیاندووە، دانانی ئاوازی ئەو گۆرانیە لەلایەن هونەرمەندی ناوداری کورد \"هۆزان سەرحەد\" بووە کە لە ساڵی ١٩٩١ بە ئامێری ساز لەژێرناوی \" هەولێر\" بەڕێوەی بردووە.

بەرهەمهێنەرانی ئەو گۆرانییە دەڵێن، ئێمە ئەو گۆرانییەمان بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی کانی بڵ کە بە ناسنامەی ناوچەکەمان \" هەورامان \" دەناسرێت، بەرهەم هێناوە.

هەوڵەکان بۆ رزگاری کانی بڵ لە ساڵ ١٣٨٠ی هەتاوی دەستی پێکردوە، کە لە ماوەی ئەو ١٤ ساڵەدا بێ ئاکام بووە و تەواوی رێکارەکانی حکوومەتیش نە تەنیا لە راستای رزگارکردنی کانی بڵ نەبووە، بەڵکو ئەگەری لە ناوچوونی زۆرتر کردووە.

ئەو کانیاوە کە لە١٥ کیلۆمیتری شاری نودشە و سێ کیلومیتری ئاوایی مێژووی ـ مەزهەبی هەجیج هەڵکەوتووە لەهەر چرکەیەکدا سێ هەزار لیتر ئاوی هەیە و ئەو ئاوەش دڕژێتە رووباری سیروانەوە.

شارەزایان لەو بارەیەوە ڕایان وایە، لەناوچوونی کانی بڵ لێکەوتەی نەرێنی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی بۆ سەر ناوچەکە دەبێت و لە ئەگەری ئاوگیری بەنداوی داریان، بووژاندنەوەو و رزگارکردنی کانی بڵ زۆر ئەستەم دەبێت.

کانی بڵ ناوەکەی لە خودای بابلییەکان وەرگرتووە و لەزمانی یۆنانیدا بە واتەی خودای ئاوەکان دێت.