بەرهەمی نووسەریكی كورد بۆ خەڵاتی كێتبی ساڵی ئێران كاندید كرا

21:03 - 29 بەفرانبار 2711
كوردپا: كتێبی مێتۆد بەنێو مێتۆددا (روش در روش) دوكتور ئەحمەد محەممەد پوور نووسەری كورد، كە یەكێكە لە پێنج بەرهەمی سەركەوتو \"لە بیاڤی فەلسەفی رۆژئاوا\" بۆ خەڵاتی كتێبی ساڵی ١٣٩٠ كاندید كراوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی كتێبی ئێران، داوەریی بیست و نۆیەمین خولی خەڵاتی كتێبی ساڵ لە ئێران لە بەشی فەلسەفە گەیشتە قۆناغی دووەم و سەرەنجام ١٦ بەرهەم لە بوارەكانی فەلسەفەی ئیسلامی و فەلسەفەی رۆژئاوا گەیشتوونەتە خولی دووەمی ئەو خەڵاتە.

لە درێژەی ئەو هەواڵەدا هاتووە، لە كۆی ئەو ١٦ بەرهەمە ١١ بەرهەمیان لە گرووپی فەلسەفی ئیسلامی دان و ئەو پێنج بەرهەمەكەی دیكەش لە گرووپی فەلسەفەی رۆژئاوادا ناسێنراون كە پێشتر گەیشتوونەتە قۆناغی دووهەمی ئەو خەڵاتە.

دوكتور محەممەد پوور بە كتێبی \"مێتۆد بەنێو مێتۆددا\"كە پڕژاوەتە سەر تاوتوێی پێكهاتەی مەعریفە لە بیاڤی زانستی مرۆییدا یەك لەو پێنج كتێبەی بواری فەلسەفەی رۆژئاوایە كە بۆ وەررگرتنی خەڵاتی بیست و نۆیەمین خولی كتێبی ساڵی ئێران كاندید كراوە.

دوكتور محەممەد پوور پێشتر پێنج كتێبی دیكەی بە چاپ گەیاندووە كە هەركامەیان لە ئەنجامی توێژینەوە و بەدواداچوونی مەیدانیی خۆی لە شارەكانی سەردەشت و لەناو ئیلەكانی مەنگوڕ و گەورك و ناوچەی هەورامان ئەنجام دراون.

كتێبەكانی ناوبراو بریتیتن لە:
١- بان میتۆد، بنیادە فەلسەفی و كردەییەكان، میتۆدی لێكۆڵینەوە، پێكهاتەیەك لە زانستی كۆمەڵایەتی و ئاكاری، بڵاوگەی كۆمەڵناسان، تاران ١٣٩٠.
٢– دژە میتۆد بەرگی یەكەم ، لۆژیك و گەڵاڵە لە مێتۆدۆلۆژیی چۆنایەتی، بڵاوگەی كۆمەڵناسان تاران ١٣٩٠.
٣ - دژە میتۆد، بەرگی دووهەم، قۆناغ و شێوازە كردەییەكان لە مێتۆدۆلۆژیی چۆنایەتی، بڵاوگەی كۆمەڵناسان تاران ١٣٩٠.
٤ - لە نەریتەوە بۆ مۆدێڕنیتە، خوێندنەوەیەك بۆ گۆڕانە كۆمەڵایەتییەكان لە شاری سەردەشت بە مێتۆدی ئەنتۆگرافی.
٥ – ئەزموونی مۆدێڕنیتە، خوێندنەوەی گۆڕان و گەشە لە هەورامان بە مێتۆدی تیۆریی پێكهاتەیی كەلە كۆی ئەو پێنج كتێبە سێیان لە بیست و چوارەمین خولی پیشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی تاراندا پیشان دران.

رێوڕەسەمی دابەش كردنی بیست و نۆیەمین خولی خەڵاتی كتێبی ساڵی ئێران رێكەوتی ١٨ی رێبەندانی ١٣٩٠ لە تاران بەڕێوە دەچێت.

کتێبی ساڵی ئێران لە ساڵی ١٣٣٢وە دەستی پێکردوە و لە بوارەکانی: زانست و تەکنیکك سێ خەلات، ئەدەبیات دوو خەڵات، زانستی مرۆیی، کۆمەڵایەتی و پەروەردە دوو خەلات، وەرگێڕان دوو خەڵات و منداڵان و مێرمنداڵان دوو خەڵات بە بەرهەمە سەرکەوتوەەکان دەدرێت.

دوكتور ئەحمەد محەممەد پوور لەدایك بووی شاری سەردەشت و ئێستا مامۆستای كۆمەڵناسیی زانستگای \"بوعەلی سینا\"ی هەمەدانە.