بەرهەمی سینەماکارێکی بۆکانی لەفێستیڤاڵی فیلمی دهۆک نمایش دەکرێت

14:11 - 2 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: فیلمی \"جادەکان ئێمە ناناسن\" لەدەرهێنانی سینەماکاری بۆکانی بەشداریی لەفێستیڤاڵی فیلمی دهۆکدا کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی فێستیڤاڵی دهۆک بڵاوی کردەوە، فیلمی \" جادەکان ئێمە ناناسن\" لەدەرهێنانی بێهرووز ئەسراری سینەماکاری کورد رێکەوتی ٢٤‌ی رەزبەر لە شاری دهۆک لەهەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.

هاوکات ئەو فیلمە توانیویەتی بەشداریی لەسییەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی تاراندا بکات و لەگەڵ ١١٥ بەرهەمی سینەمایی وڵاتانی‌تر بکەوێتە رکابەرییەوە.

فیلمی جادەکان ئێمە ناناسن، باس لە ئازاد بوونی زیندانییەک دەکات کە لەهەوڵی ئەوەدایە ژمارەیەک پەیام و نامەی هاوبەندییەکانی بە بنەماڵەکانیان بگەیەنێت.

سییەمین فێستیڤاڵی فیلمی تاران لەرێکەوتی ٢٢‌ی رەزبەرەوە دەست پێدەکات و بەرهەمی ئەو سینەماکارە بۆکانییە تێیدا نمایش دەکرێت.

بێهرووز ئەسراری هەتا ئێستا توانیویەتی چەندین کورتە فیلم، فیلمی دیکیۆمێنتاری و چیرۆکی بەرهەم بهێنێت.