بەرزان محەممەدی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا

18:34 - 22 گەلاوێژ 2722

ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی گەلاوێژ، بەرزان محەممەدی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری سەوڵاوا، پاش ١٥ مانگ زیندانی، لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕووزبێ بێهبوودی" بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری نیزام" بە ١٥ مانگ و ڕۆژێک زیندانی و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی بڕیاری یاسای "تجمیع"، ١٥ مانگ و ڕۆژێک لەو حوکمەی بەرزان محەممەدی لە زینداندا جێبەجێ دەکرێ.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو چالاکە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠، بەبێ ئامادەیی خۆی و بە شێوەی ئەلکترونیکی لە ناوخۆی زیندانی مەریوان، بەڕێوە چووبوو.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیاندنی تۆمەتی ئەو زیندانییە سیاسییە لە دادسەرای شاری سەوڵاوا بەڕێوە چووبوو و دۆسییەکەی ڕەوانەی دادگای ئینقلاب کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردان ١٤٠٠، ئەو هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەوڵاوا، بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە ماڵی براکەی لە گوندی "گۆشخانی"ی شاری سەوڵاوا دەسبەسەر کردبوو.

ئەو چالاکە کوردە پێشتر، پەیوەست بووە بە کەمپەینی "نە بە کۆماری ئیسلامی".

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ٩٩، بەرزان محەممەدی، پاش تێپەراندنی دوو لە سەر سێی ماوەی زیندانییەکەی، لە زیندانی "ئێڤین" ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، بەهۆی چالاکی لە دنیای خوازەکیدا دەسبەسەر کرا و لە دادگای سەرەتایی بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی تێکدانی نەزمی گشتی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە دادگای پێداچوونەوە بەڕێوە چووبوو و حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیریی ناوبراو بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.

بەرزان محەممەدی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەسڵی جیاکردنەوەی زیندانییانی سیاسی لەگەڵ زیندانییانی دیکە ، ڕەوانەی زیندانی تاران کرا کە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەو هەوڵەی بەرپرسانی زیندان، دەستی دابووە مانگرتن.

ئەو هاووڵاتییە دواتر بۆ زیندانی ئیڤین ڕاگوێزرا و مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە هاوبەندییەکانی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر دژایەتیکردن لەگەڵ ئازادیی بەمەرج، پێڕانەگەیشتن بە داواکاریی زیندانییانی سیاسی، لەبەرچاونەگرتنی ئەسڵی جیاکردنەوەی زیندانییانی سیاسی لەگەڵ زیندانییانی دیکە، درێژکردنەوەی دادگاییکردنیان، سەپاندنی حوکمی قورسی قەزایی و یەکلاکردنەوەی حوکمی دادگای سەرەتایی بەبێ بەڕێوەچوونی دادگای پێداچوونەوە بە دژی خۆیان دەستی دابووە مانگرتن و پاش ماوەیەک، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.