\"بەرد\" پلەی یەکەمی خەڵاتی نێودەوڵەتیی کتێبی کورد لە بەشی شێعری بۆ خۆی تەرخان کرد

15:31 - 19 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بەرهەمە وێژەیەکانی فەریدوون ئەرشەدی، شاعێری ناسراوی کورد پلەی یەکەمی خەڵاتی نێودەوڵەتیی کتێبی کورد، (ئیبراهیم یوونسی) بە دەست هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"بەرد\" بەرهەمی وێژەیی فەریدوون ئەرشەدی، شاعێری ناسراوی کورد خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان، پلەی یەکەمی خەڵاتی نێودەوڵەتیی کتێبی کوردی(ئیبراهیم یوونسی) لە بەشی شێعری بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

\"بەرد\" بژاردەی ئەو شێعرانە لە خۆ دەگرێت کە فەریدوون ئەرشەدی لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٦٥ هەتا ١٣٩٣ی هەتاوی هۆنیوویەتەوە.

\"\"
فەریدوون ئەرشەدی
پێشتریش ئەو شاعێرە کوردە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند بوو: \"ئەو کۆمەڵە شێعرە لە کاتێکدا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە، ئامادەی چاپ و موڵەتی چاپی ئەو کتێبەی پێدرابوو، بەڵام دەرفەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبەی نەبوو\".

فەریدوون ئەرشەدی، ساڵی ١٣٤٠ هەتاوی لە شاری سنە لە دایکبووە و لە ساڵی ٧٣ هەتا ٧٧ی هەتاوی وەکوو کارناسی فەرهەنگی و ئەدەبی لە شارەکانی سنە، سەقز، تاران و ورمێ خەریکی چالاکی بووە.

ناوبراو هەروەها چالاکی لە گۆڤارەکانی\"سروە\" و حەوتوونامەی \"سیروان\" و تەلەفزیوون کوردیدا لە کارنامەی ئەدەبی خۆیدا هەیە و لە ساڵی ٨٢ی هەتاوی لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێ بووە.

ئەو شاعیرە کوردە، سەرەتا بە زمانی فارسی شێعری هۆنیووتەوە و لە ساڵی ٦٣ی هەتاوی بە دواوە، زۆربەی شێعرەکانی بە زمانی کوردی هۆنیووتەوە.