بەرد جێگای گوللەی هێزە ئینتزامییەکانی گرتەوە

15:25 - 11 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامیییەکان بۆ لێدان و ئازار و ئەشکنجەی کۆڵبەران، شێوازی نوێیان گرتۆتە بەر.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای ئەم حەوتوویە، لە ناوچەی سنووریی نەوسوود، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی ئەو ناوچەیە، لەلایەن ‌هێزە ئینتزامییەکانەوە بەردبارن دەکرێن و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک لاقی دەشکێ.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە بریندارە بە \"سەرکەوت وەیسی\"تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی گوندی\" نێسکانە\" و دانیشتووی شاری پاوە ڕاگەیەندراوە.

هێزە ئینتزامییەکان لە شوێنێک بە ناوی \"کێوی سوننی\" سەر بە شاری نەوسوود، کۆڵبەرەکانیان داوەتە بەر بەرد و دواجار قولاپەی ئەو کۆڵبەرە دەشکێ.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، هێرش و دانە بەر بەردی کۆڵبەران لە لایەن هێزەکانی\"پاسگای سنووریی رلە\" لە کاتێکدا ڕوویداوە کە ئەو کۆڵبەرانە هێچ جۆرە شتومەکێکیان پێ نەبووە.

هەر لەو پەیوەندیەدا، ئێوارەی ڕۆژی ١٠ی جۆزەردان، لە پشت گوندی \"بێتوش\" و گوندەکانی دەوروبەری ئەو گوندە، ژمارەیەک لە کۆڵبەران و کاسبکاران دەکەونە بۆسەی ‌هێزە ئینتزامییەکان.

لە ئەنجامی ئەو بۆسەیەدا، سێ هەتا چوار ئەسپ و هێستری ئەو کۆڵبەرانە بە کوشت چوون و ١٢ سەر ئەسپی دیکەش لەلایەن ‌هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی کۆڵبەران لەلایەن ‌هێزە ئینتزامییەکانەوە، دوو کۆڵبەر لە بەرزایی دەکەونە خوارەوە و لاقیان لە جێ دەچێت.
بەپێی ئاماری کوردپا، ١٥٤ کۆڵبەر لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕووداوەکانی تەقەکردن، تەقینەوەی مین، سەرما و ... کوژراو یان بریندار بوونە.