بەردەوامی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سێ چالاکی مەدەنیی یارسان

11:27 - 6 بەفرانبار 2722

سەیدئەمین عەباسی، سەیدسروش عەباسی و سەیدکەرەم عەباسی، لە چالاکانی مەدەنیی یارسان، لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە هەتا ئێستا، چارەنووسیان ناڕوونە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەپێی ئەو قسانەی لەگەڵ ناوەندە قەزاییەکان کراوە، ئەو سێ برایە دەبوو لە ڕێکەوتی ٥ یا ٦ی سەرماوەر، ئازاد کرابان، بەڵام بۆ چەندین جار ئیدارەی ئیتلاعات بڕیاری درێژکردنەوەی دەسبەسەرکرانی ئەوانی داوە و ئەو بڕیارەش لەلایەن دادستانی شاری سەحنە، پشتڕاست کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها نووسیویەتی: پاش ٢٢ ڕۆژ دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی و ٤ ڕۆژ لە بەشی ئیتلاعاتی ئەمنییەتی زیندانی دێزڵاوی کرماشان، سەرجەم ٢٦ ڕۆژە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ بارودۆخی یاسایی ئەو سێ چالاکە یارسانە لەبەر دەستدا نییە و هیچ جۆرە وڵامێک لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانەوە بە بنەماڵەکەیان، نەدراوەتەوە.

سەیدئەمین عەباسی ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی یارسان و سەید سروش عەباسی لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز، لە کاتی گەڕانەوە لە شاری سەحنە بۆ کرماشان، لە خاڵی پشکنینی بێستوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەروەها سەیدکەرەم عەباسی لە چالاکانی یارسان خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری ساوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لەو شارە دەسبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای کرماشان ڕاگوێزرابوو و هەر لە کاتی دەسبەسەرکانەوە دەستی دابووە مانگرتن.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: سەیدسروش، سەیدکەرەم و سەیدئەمین عەباسی