بەردەوامی تێکدانی ژینگەی کوردستان و وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی حکوومەتی

15:16 - 30 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ڕەوتی بڕینەوە دارستانەکان و تێکدانی ژینگەی شار و ناوچەکانی کوردستانی ئێران، ناوەندە حکوومەتییەکان بە پشتیوانی کردن لە دەستوپەیوندییەکانی خۆیان هەوڵی لە بێخ درهێنانی داری شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاکان دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە گوندی \"لونی سادات\" سەر بە ناوچەی کامیاران، یەکێک لە پەیمانکاران بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە پشتیوانیی لایەنە پەیوەندییەدارەکانی حکوومەتی، دەستی داوەتە دەرهێنانی دارەکانی سەیرانگای \"دروڵانـ\"ـی ئەو گوندە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پەیمانکارە ماوەی سێ ڕۆژ بە بێلێکی میکانێکی دەستی داوە دەرهێنانی دار بەڕووەکانی سەیرانگای دروڵان و تێکدانی ژینگەی ئەو گوندە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو پەیمانکارە بە خەڵک و شۆرای گوندی لونی ساداتی ڕاگەیاندووە، بڕینەوە داربەڕووەکانی ئەو سەیرانگایە بەپێی موڵەتی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، لەو پەیوەندییەدا شۆرای گوندی لونی سادات داوایان لەو پەیمانکارە کردووە، کە بەڵگەی موڵەتی بڕینەوەی دار بەڕووەکانیان پێ نیشان بدات و ئەو پەیمانکارەش لە دانی بەڵگە یاسایی خۆی بواردووە.

لەو پەیوەندییەدا، خەڵکی گوندی لونی سادات ڕۆژی ڕابردوو، ئیزنیان نەداوە کە پەیمانکارەکە داربەڕووەکانی ئەو سەیرانگایە لە ڕیشەدا دەربهنێت و داوایان لە لایەنە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتی کردووە، کە ئیزن نەدەن هیچ کەسێک ئەو ژینگەیە تێک بدات و هەتا ئێستا لایەنە پەیوەندییەدارەکانی حکوومەتیش هیچ وڵامێکی ئەرێنیان بە خەڵک و شۆرای گوندی لونی سادات نەداوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، دارستانەکانی گوندی سەرکەل بەرەو گوندی باڵک، سەر بە شاری مەریوان، بە بۆردیزڵ و شۆفڵەکانی حكوومەتییەوە تێک دەدرێت و بە جادە دەکرێن.

بە وتەی شایەتحاڵان، ئەم جادەیە بۆ شاخی \"تەقتەقەی سەرکەل\" بە مەبەستی سازکردنی بنکەیەکی نیزامی لێ دراوە.