بەردەوامیی کۆکردنەوەی ماهوارە و هەڕەشە کردن لەهاووڵاتییانی کورد

15:59 - 10 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی رەوتی فشاری هێزە ئینتزامییەکان بۆسەر هاووڵاتییانی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هاووڵاتییانی روانسەری بەرەوڕووی هەڕەشەی دەستبەسەر کران و فشاری ئەو هێزانە بوونەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە گوندەکانی گورگاوی، قەڵای رەزا و حەسەن ئاوا کە لسەر جاددەی کرماشان روانسەر هەڵکەوتوون، دەیان دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانی کوردیان کۆکردەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە بەبێ مۆڵەت چوونەتە ئەو گوندانە و وێڕای پشکنینی ماڵی هاووڵاتییان، دەستیان بەسەر دەزگا و دیشی هاووڵاتییانیشدا گرتووە.

دەگوترێت کە هێزە ئینتزامییەکان لە رۆژی یەکشەممە و دووشەممەی رابردوودا چوونتە ئەو گوندانە و بە هاووڵاتییانیان راگەیاندووە کە ئەگەر دیسان ماهوارە بەکار بێنن، سەرەڕای ئەوە کە دەستی بەسەردا دەگیرێت، بەرەوڕووی حوکمی دادگا دەبنەوە.

لەماوەی ساڵانی رابردوودا لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆکردنەوەی ماهوارە بە دەستی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ئارادا بووە و بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، هاووڵاتییانی کورد لە زۆربەی شوێن و ناوچەکان بەرنگاری ئەو هیزانە بوونەتەوە.