بەردەوامیی کوژرانی لاوانی کورد لەنێو گرووپی داعشدا

14:37 - 8 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی خەڵکی شاری سنە کە بە مەبەستی بەشداریی لەچالاکییەکانی گرووپی چەکداریی داعش رووی لەو ناو ئەو رێکخراوەیە کردبوو، لەشەڕ و تێکهەڵچوونێکدا گیانی لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی خەڵکی ئاوایی \"ئاساوڵە\"ی سەر بە شاری سنە کە پەیوەست بە گرووپی داعش ببوو لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو رێکخراوەیەدا لەسووریە کوژراوە.

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار شوناسی ئەو لاوە کوردەی \" محەممەدی\" راگەیەندووە و ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو لاوە سنەییە رێکەوتی ٧ی گەلاوێژ کوژراوە.

دەوترێت ئەو لاوە کە تەنیا ناوبانگەکەی بۆ ئاژانسی کوردپا روون بووەتەوە، بە بەردەوامی سەردانی وڵاتی سووریە و شاری سنەی کردووە.

پاش تێپەڕینی نزیک بە دوو ساڵ لەسەرهەڵدانی چالاکییەکانی داعش لەعێراق و سووریە، ژمارەیەکی بەرچاو لەلاوانی کوردستانی ئێران پەیوەست بەو رێکخراوەیەوە بوون و ژمارەیەکیشیان کوژراون.

ماوەی دوو حەفتە لەمەوبەریش لاوێکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی \" محەممەدئەمین ئیبراهیم\" لەنێو ریزی چەکدارانی داعشدا کوژرابوو.

سەرچاوەکانی هەواڵ هۆکاری کوژرانی ئەو لاوە مەهابەدییەیان لەئەنجامی بوردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان راگەیاندبوو.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان و چاودێرانی کاروباری گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان هەتا ئێستا نزیک بە ١٥٠ لاوی کوردستانی ئێران لەریزی چەکدارانی داعش لەعێراق و سووریەدا کوژراون.

ئەو چاودێرانە دەڵێن بەشێکی کەم لەو لاوانە لەڕووی بیر و باوەڕەوە پەیوەست بە چەکدارانی داعش دەبن و کەسانێکی دیکەش هەن کە بە پارە و هیندی بەڵێنی دیکە هەڵیان دەخەڵەتێنن.

رێکخراوی ئەمریکایی CIA ماوەیەک لەمەوبەر لەراپۆرتێکدا کە تایبەت کرابوو بە ساڵی ٢٠١٤ بڵاوی کردبوویەوە، گرووپی دەوڵەتی ئیسلامیی زیاتر لە ٢٠ هەزار ئەندامی هەیە و لەوڵاتی عێراق و سووریە زۆرترین خەڵکی هێناوەتە ریزی چەکدارەکانییەوە.