بەردەوامیی کوژرانـی تراژیـدیایی کۆڵبـەرانی کــورد

15:32 - 8 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: بە کوژرانی کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی ورمێ، بە تەقەی هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران، ئاماری کوژرانی کۆڵبەرانی کورد لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا گەیشتە ١٨ کەس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٧ی خەرمانان کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \"فەتاح میکایلی\" کوڕی لوقمان و خەڵکی گوندی \"مەنسوور ئاوا\"ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بە تەقەی راستەوخۆی هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٣١ ساڵەیە، خێزاندار و باوکی ٢ منداڵ بووە کە بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی بنەماڵەکەی رووی لە کۆڵبەری سەر سنوورەکان کردبوو.

دەگوترێت کە هاووڵاتییانی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ لە کاتی هێنانەوەی تەرمی ئەو هاووڵاتییەدا بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین چوونەتە بەر دەم پایەگای \"زینیێ\" کە لەگەڵ تەقە هەوایی و سووکایەتی کردنی ئەو هێــزانە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بەهۆی نەبوونی هەلی کار، هەژاری و گرانیی لە رادەبەدەر روو لە کۆڵبەریی سەر سنوورەکان دەکەن، بەڵام زۆر جار دەبینرێ کە بنەماڵەکان، تەرمی رۆڵەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا ٢٧ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان بریندار کراون.