بەردەوامیی کوشتاری هاووڵاتییانی کورد بەدەستی هێزە ئینتزامییەکان ناڕەزایەتیی نوێنەری مەریوانی لێکەوتەوە

16:06 - 4 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری خەڵکی شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە مەجلیسی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە کوشتاری هاووڵاتییانی کورد بەدەستی هێزە نیزامییەکان، رەخنەی توندی لە حەسەن رۆحانی گرت.

ئومید کەریمیان وێڕای ئاماژه کردن بە کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی بەدەستی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، روو لە حەسەن رۆحانی رایگەیاند؛ \"ئاغای رۆحانی ئەو عەداڵەتی کۆمەڵایەتییەی کە ئێوە باسی لێ دەکەن، هەتا ئێستا تەنیا کوشتنی هاووڵاتییان بەدەستی هیزە ئینتزامییەکان، خەڵکی کوردستانی گرتۆتەوە\".

ئەو نوێنەرە کوردە داوای کردووە کە لێژنەیەک بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد، پێک بهیندرێت.

ماڵپەڕی \"خانەی میللەت\" بڵاوی کردەوە کە نوێنەری شارەکانی موریوان و سەوڵاوا گوتووشیەتی \"چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە بەڵێنەکانت لە هەمبەر کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا بەریتە سەر، بەڵام بەداخەوە ئەو بەڵێنییانە سەریان نەگرتووە.

\"17577.jpg\"
ئومید کەریمیان: لەو عەداڵەتی کۆمەڵایەتییەی کە حەسەن رۆحانی باسی دەکات، تەنیا کوشتار ئێمەی گرتۆتەوە
حەسەن رۆحانی لە بەیانییەی ژمارە ٣ی خۆیدا کە لە میانەی هەڵبژاردنەکاندا بڵاوی کردبوویەوە باسی لە \"دانانی کەسانی شیاو و لێهاتوو بۆ بە دەستەوە گرتنی بەرپرسیارەتی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران و پشتیوانی کردن لەو کەسانە و هەروەها جەێبەجێ کردنی ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێران\" کردبوو کە بە گرینگ‌ترین بەندەکانی ئەو بەیانییە ئەژمار دەکران.

پێشتریش \"نێعمەتوڵڵا مەنووچێهری\" و \"موحسین بیگلەری\" نوێنەری خەڵکی شارەکانی پاوە و سەقز لە دانیشتنی رێکەوتی ٢٨ی مەجلیسی ئێراندا خوازیاری پێڕاگەیشتنی بە دۆسیەی کوشتاری هاووڵاتییان بەدەستی ‌هێزە ئینتزامییەکان بوون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ تەنیا لە سێ مانگی پاییزی ئەمساڵدا ١٥ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد بەدەستی هیزە ئینزامییەکان کوژراون و ١٧ کەسی دیکەش بە تەقەی ئەو هیزانە بریندار کراون.