بەردەوامیی هێزی ئینتزامی لە کۆکردنەوەی ماهوارە

22:10 - 6 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی شاری مەریوان بۆ جارێکی دیکە چوونەتە گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە و چەندین دەزگا ودیشی ماهوارەی هاووڵاتیانیان زەوت کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی رەشەممە هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چوونەتە گوندی \"مووسک\" و دەستیان داوەتە کۆکردنوەی ماهوارە، کە ئەم کارەی هێزە ئینتزامییەکان ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی لێکەتەوە و لە ئەنجادا شەڕ و ئاڵۆزی هاتە ئاراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو هێزانە لە سەرەتای مانگی رەشەممەوە هەتا ئێستا ٤ جار چوونەتە گوندی مووسک و وێڕای پشکنینی ماڵی هاووڵاتیان، رێژەیەکی بەرچاو دەزگا و دیشی ماهوارەیان زەوت کردووە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستاش کۆکردنەوەی ماهوارە لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ گرژی و ئاڵۆزی نێوان هاووڵاتییان و هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی لێ کەوتبۆوە.