بەردەوامیی مەرگی كرێكارانی كورد بە هۆی رووداوی كارەوە

16:40 - 31 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: كرێكارێكی خەڵكی شاری سەقز لەكاتی كاركردن و بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كرێكارێكی تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی سەلاح و كوڕی ئەبووبەكر لەكاتی كار كردندا لە نهۆمی ٧‌ـی بینایەك لە بلواری كوردستانی سەقز كەوتۆتە خوار و كۆتایی بەژیانی هاتووە.

دەگوترێت سەلاح لەرێگەی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لەدەست داوە.

گیان لەدەستدانی کرێکاران بە هۆی رووداوی كار لەئێران لە دوای رووداوی هاتوچۆوە بە دووهمین هۆكاری مەرگی ئەو چینە لەكۆمەڵگەدا دێتە ئەژمار.

رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ٢٩‌ی پووشپەڕیش كرێكارێك بەناوی \"بێهنام ئەیازی، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵكی ئاوایی \"قەسریك\"‌ی ورمێ،‌بە هۆی بەربوونەوە لە بینایەك كۆتایی بەژیانی هاتبوو.

ژنان و پیاوان كرێكار لەئێران زۆرترین ئەرك و ماندووبوونیان لەسەر شانە و بە بەراورد لەگەڵ كارەكانی دیكە كەمترین بایەخیان پێ‌دەدرێت.

بەشێكی بەرچاو لەكرێكاران لەئێران بەشێوەی كاتی و گرێبەستی رۆژانە كار دەكەن و لەلایەن خاوەنكارەكانیانەوە بیمە ناكرێن و لەكاتی رووداوی كاردا دەبێ‌بۆ خۆیان تێچووی نەخۆشخانە و چارەسەرییەكانیان بدەن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لەساڵی ١٣٩٢‌دا، زیاتر لە ٢١ ملوێن کەس لە بەشە ناحکوومییەکاندا سەرقاڵی کارکردن بوون و لە کۆی ئەو رێژەیە تەنیا ٨ ملوێن کەسیان خزمەتگوزاریی بیمەیان هەبووە.

لەئێران كرێكارانی بیناسازی ٤٧%‌ی قوربانییانی كار، پێکی دێنن.