بەردەوامیی فشاری ئیتلاعات لە کوردستان و دەستبەسەر کرانی لاوێکی بۆکانی

19:43 - 5 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن مەئمووران ی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە درێژەی رەوتی فشاری ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان بۆسەر هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لاوێکی کورد لە شاری بۆکان بەناوی لۆقمان سەمیعی دەستبەسەر کراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان رایگەیاند؛ لۆقمان سەمیعی خەڵکی شاری بۆکان و بڕوانامەی کارناسیی باڵای (فوق لیسانس) لە رشتەی زانستە سیاسییەکاندا هەیە.

\"23341.jpg\"
لۆقمان سەمیعی
لۆقمان سەمیعی، کە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دراوەتە پاڵ، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٤ی سەرماوەز لە ماڵی خۆیاندا لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراوە.

ئەو لاوە کوردە، ٢ ساڵ پێش ئێستاش بە تۆمەتی \"بەزاندنی نایاسایی سنوور\" و \"سەردانی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستان\"، حوکمی ٣ مانگ و ١ رۆژ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕابوویەوە.

هەروەها رۆژی سێشەممەی حەفتەی رابردووش هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی گامێشگۆلی لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان بەناوی (سەعید سپایی)، بە هۆکارێکی نادیار لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرابوو.

تەنیا لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا، ١٠ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراون.