بەردەوامیی سووتمان لە دارستانەکانی بانە، سەوڵاوا و پاوە

15:49 - 13 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە رۆژانی رابردوودا رووبەرێکی بەرفراوان لە دارستان و لەوەڕگەکانی دەوروبەری شارەکانی بانە، سەوڵاوا و پاوە لەلایەن کاسانێکی ناناسراوەوە ئاگریان تێبەردرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رێکەوتی ١٢ی خەرمانان دارستان و لەوەڕگەکانی کێوی ئاربابا لە نزیک شاری بانە ئاگری تێبەردرا و پاش چەند کاتژمێـر لەلایەن ژینگەپارێزان و ئیدارەی ئاگرکوژینەوەی شاری بانەوە هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی دراو کوژێندرایەوە.
\"15083.jpg\"
کێوی ئاربابا

هەروەها رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی خەرمانان بەشێک لە سروشتی گوندی پایگەلان لە ناوچەی سەوڵاوا ئاگری تێبەردرا کە بە وتەی دانیشتوانی ناوچەکە، ئەو کەسەی ئاگری لە دارستانەکە بەرداوە، تووشی سووتان بووە و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری ژینگەپارێزان و ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٨١ حاڵەت ئاگر کەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی دوو شاری مەریوان و سەوڵاوا تۆمار کراوە.

لەلایەکی دیکەوەو لە رۆژانی رابردوودا سرووشت و لەوەڕگەی پشت نەخۆشخانەی شاری پاوە ئاگری تێبەردراو و پاش چەند کاتژمێر لەلایەن لاوان و ژینگەپارێزانی ئەو شارەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

نابەرپرسیارەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە هاووڵاتییان کورد لە ناوچە کوردنشینەکان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران بە هۆکاری سەرەکیی هاتنە ئارای ئاگرکەوتنەوەکان لە قەڵەم بدەن.