بەردەوامیی سووتاندنی دارستانەکانی ناوچەی هەورامان

15:58 - 8 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: رووبەرێکی بەرفراوان لە ژینگە و دارستانەکانی ناوچەی سەوڵاوا بەدەستی کەسانێکی نەناسراو لە ئاگردا سووتا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی گەلاوێژ دارستانی گوندی \"رەزاو\"ی سەربە شاری سەولاوا ئاگری تێبەردرا و دواتر لەلایەن دانیشتوانی ئەو گوندەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

لەلایەکی دیکەوە ژینگەی گوندەکانی \"کەیمەنە\" و \"بێرواس\" لەناوچەی هەورامان ئاگری تێبەردرا و بەشێکی لە سرووشتی ئەو ناوچەیەی لەناو بردووە.

دەگوترێت، هاووڵاتییانی گوندەکانی کەیمەنە و بێرواس و دەوروبەری بەهۆی مین‌ڕێــژ بوونی ئەو ناوچەیە، نەیانتوانیوە ئەو ئاگرکەوتنەوەیە کۆنتڕۆڵ بکەن.

هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بەبەردەوامی رایانگەیاندووە کە کەسانی سەربە حکوومەت بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراو و بەمەبەستی تێکدانی ژینگە و سروشتی کوردستان، ئاگر لە دارستان لێڕەوارەکانی ئەو ناوچانە بەر ئەدەن.

بەپێی ئاماری چالاکانی ژینگە پارێزی و ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە ناوچەکانی دوو شاری مەریوان و سەوڵاوا ١٠٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراوە.