بەردەوامیی زەخت و گوشاری هێزە نیزامییەکان بۆ سەر کاسبکارانی سەر سنوور

14:19 - 8 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی ئالانی سەردەشت ٨ سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیان کوشتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٧ی بەفرانبار هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئسلامیی ئێران لە ناوچەی ئالانی سەردەشت بۆسەیان بۆ کاسبکاران ناوەتەوە و دەستڕێژیان لە کاسبکاران کردووە و لە ئەنجام دا ٨ سەر ئەسپی بارهەڵگری ئەو کاسبکارانە بە کوشت چوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو ٨ ئەسپە بارهەڵگرە ئی ٢ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی \"هەرزنێ\"ی سەربە ناوچەی ئالانی سەردەشت بوون.

ماوەیەک پێش ئێستا هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە ناوچەی\"ئاوەزنێ\"ی سەر بە بەخشی نەوسوود\"، بە درێژایی ٥ کیلۆمیتر سنووری هەرێمی کوردستانیان بەزاندبوو و لە نێوان گوندەکانی \" کۆتە و گریانە\" تەقەیان لە کۆڵبەران و کاسبکارنی ئەو ناوچەیە کردبوو لە ئاکامدا سەرجەم ئەسپی بارهەڵگری ئەو کاسبکارانە بە کوشت چووبوون.

پێشتریش هێزەکانی سەربە سپای پاسداران بە هاوکاریی هێزە ئینتزامییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی ورمێ دەستیان بە سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکاران دا گرتبوو و دواتر بە نرخێکی هەرزان بە چەند کەسێکی سەربە حکوومەتیان فرۆشتبۆوە.

بەشێک لە خەڵکی ناوچە سنووریەکانی کوردستانی ئێران، بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەرییان هەڵبژاردووە و زۆر جار لەلاین هێز نیزامییەکانی حکوومەتەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژ و ئەمەش دەبێتە هۆی گیان لەدەست دانیان.