بەردەوامیی رەوتی تەقەکردن لەکۆڵبەرانی کورد

13:45 - 26 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بێ گوێ دان بە یاساکانی بەکارهێنانی چەک، بە بەردەوامی کۆڵبەرانی کورد دەدەنە بەر دەستڕێژ و لەدوایین حاڵەتیشدا کۆڵبەرێکی دیکەی کورد کراوەتە ئامانجی تەقەی ئەو هێزانە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئەمجەد رەمەزانپوور\" ناوی ئەو لاوە کوردەیە کە لەناوچە سنوورییەکانی \"سەیرانبەندی\" شاری بانە بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان پێکراوە و بریندار بووە.

ئەمجەد کە بەمەبەستی دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی رووی لەناوچە سنوورییەکان کردبوو، شەوی رابردوو دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لەلایەن لاقییەوە بریندار کراوە.

کۆڵبەرێکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەبانەی راگەیاندووە، ئەو کۆڵبەرە کوردە کە تەمەنی تەنیا ١٩ ساڵ بووە، پاش بریندارکرانی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە بێ رێزی پێکراوە و دەست بەسەر کۆڵەکەشیدا گیراوە.

بەپێی مادەی ٣ لەیاسای بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە، تەنیا هێزەکان لەکاتێکدا دەتوانن چەک بەکار بێنن کە گیانیان لە مەترسیدا دابێت و یان تاوانبار مەبەستی کوشتنی ئەو هێزە نیزامیانەی هەبێت.

هەر لەتەبسەرەی ٣ی ئەو یاسایەدا هاتووە، هێزە نیزامییەکان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن کە یەکەم جار تەقەی راستەوخۆ لەتاوانباران بکەن.

شارەزایان و یاساناسان لەو باوەڕەدان، بە پشت بەستن بە خودی یاساکانی بەکارهێنانی چەک، تەقەکردن لە کۆڵبەرانی کورد پێشێلکردنی یاساکانە.

کۆڵبەرانی کورد بەو چینە لەکۆمەڵگەی کوردستان دەوترێت کە لەرووی ناچاری و نەبوونی پیشەیەکی شیاو روویان لەکاری سەر سنوور کردووە و زۆر جار ئەو کارە بە نرخی گیان لەدەستدانیان تەواو دەبێت.

بە پێی بەندەکانی ١ و ٣ لە مادەی ٢٣ی راگەیەندراوی جیهانی مافی مرۆڤ، هەموو دەوڵەتەکان ئەرکدارن کە پیشە و هەلی کار بۆ هاووڵاتیانی خۆیان بڕەخسێنن و لەبیری دابینکردنی ژیانێکی تەندروست بە ئیمکاناتی خزمەتگوزاری باش بۆ خەڵکی وڵاتەکەیان بن.