بەردەوامیی رەوتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشتی کوردستان+وێنە

14:52 - 15 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: بەشێکی دیکە لە راوچییەکانی کوردستان بە شکاندنی چەک و ئازادکردنی کەوەکانیان پەیوەست بە بزووتنەوەی لایەنگرانی سروشت لە کوردستان بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی رابردوو، ژمارەیەک لە راوچییەکانی خەڵکی گوندی \"دەل\"ی سەر بە شاری سەوڵاوا چەک و دوربینی تایبەت بە راوکردنەکانیان لەبەر چاوی شکاند.

ئەو راوچییانە کە هەر کامەیان چەندین ساڵە لە شاخەکانی ناوچەی هەورامان خەریکی راوکردن بوون، لە هەڵوێستێکی جێگەی رێزدا کەوەکانی خۆیان بە دەستی منداڵان لە قەفەسەکان ئازاد کرد.

عەدنان خورشیدی و لوقمان خوراهلە شوناسی دوو کەس لەو هاوڵاتییانەن کە دەستیان لە ڕاو هەڵگرتووە و لە هەڵوێستکی شیاودا لەگەڵ ژینگە و سروشتی کوردستان ئاشت بوونەوە.

هەروەها ئەو راوچییە کوردانە، قەفەس و بارووت و تەقەمەنییەکانی خۆیان ئاگر تێبەرداوە.

گوندەی دەل یەکێک لە گوندە پڕ حەشیمەتەکانی تەنیشت رووباری سیروانە، کە سەر بە شاری سەوڵاوایە و دانیشتوانەکەی بە زاراوەی هەورامی دەئاخوێن.

پێشتریش ٧ راوچی ناوچەی نۆدشە بە شکاندنی چەکەکان و سووتاندنی قەفەسەکانیان، بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ سروشتی کوردستان ئاشت ببوونەوە.

لە ماوەی چەند مامنگی رابردوودا و دوابەدوای ئەوەیکە ئەحمەد عەزیزی لە گوندی \"دەرەکێ\"ی ناوچەی هەورامان چەکەکەی شکاند، شەپۆلێکی بەرینی وازهێنان لە راو لە ناو راوچییەکانی کوردستان دەستی پێکرد و زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستانی ئێرانی گرتەوە.
\"19150.jpg\"

\"19151.jpg\"

\"19152.jpg\"

\"19153.jpg\"

\"19154.jpg\"

\"19155.jpg\"

\"19156.jpg\"