بەردەوامیی رووخاندنی ماڵی هاووڵاتییانی ناوچەی ورمێ

22:41 - 5 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکان بە بیانووی بوونی حیزبە سیاسییەکانی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ماڵی هاووڵاتییانی کوردی ناوچەی ورمێ دەرووخێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین گوندی ناوچەی ورمێ وەک: جرمی، بیتکارە و... بە بیانووی هەبوونی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو ناوچانە،بەتەواوەتی وێران کراون و لە ئاکامدا دانیشتوانی ئەو گوندانە بە ناچاری زێدی خۆیان بەجێهێشتووە و روویان لە ورمێ و گوندەکانی دەوروبەری خۆیان کردووە.

چەند ساڵ پێش ئێستا بەبیانووی دروست کردنی بەنداوەکانی \"نازلوو\" و\"دریک\" لە ناوچەکانی ورمێ و سەڵماس بە دەیان گوندی کوردنشین بەتەواوەتی روخێندران و هاووڵاتییانی ئەو گوندانە پەڕیوەی ناوچە کوردنشینەکانی دیکە و تەنانەت دەرەوەی کوردستانیش بوون و لەلایەن حکوومەتەوە کەمترین قەرەبوویان بۆ کرایەوە.

\"10867.jpg\"
لەماوەی ٢ مانگی رابردوودا هێزە حکوومەتییەکان بۆ جارێکی دیکە بەبیانووی بوونی هێزە کوردییەکان هێرشیان کردووەتە ناوچەی تەرگەوەڕ و گوندی \"کلانکانی\"یان وێران کردووە ئەوە لە کاتێک دایە بە وتەی کەسانی خۆجێی هیچ هێزێکی چەکدار لەو ناوچەیە نەبووە و حکوومەت بە دەستی ئەنقەست ئەو کارە دەکات.

سەرچاوە خۆجێیەکان بە هەواڵنێری کوردپایان رایانگەیاندووە: لە ماوەیەکی نزیکدا بەنداوی دۆڵی براندز ئاوگیری دەکرێت و بەو هۆیەوە سەرجەم گوند و ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەو ناوچەیە بە یەکجاری لە ناو دەچن.

لەلایەکی دیکەوە دانیشتوانی گوندەکانی جورنە، مەمکان و نێرگە بەهۆی ئاوگیریی بەنداوی براندز تووشی زیان دەبن و بەو هۆیەوە سەرجەم دانیشتوانی ئەو گوندانە تووشی نیگەرانی بوون.