بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

21:43 - 29 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای شۆهەدا، ٦٨ کەس لە بەڕێوەبەران و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سپای شۆهەدای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لە بەیاننامەیەکدا باسی لە دەستبەسەر کردنی ٦٨ بەڕێوەبەر و چالاکی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و ڕادەست کردنی ١٥ کەس لەو چالاکانە بە دەزگای قەزایی کرد.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، ئەو کەسانە لە داوی کەسانی بێگانە و پڕۆژەی نفووزی فەرهەنگی کەوتوون.

لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، هەوڵەکانی ئیتلاعات و خستنە ژێر چاوەدێریی چالاکییەکانی ئەو کەسانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرام و تێلگرام کە زیاتر لە ٦٨ کەس لە بیاڤەکانی مۆدێلینگ، ئارایشگای ژنانە، ئاتلیە و تاتۆ چالاک بوون لە ئاستی پاریزگادا دەستنیشان کراون و هەڵوێستی یاساییان بەرانبەر دەگیرێت.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە ١٥ کەس لەو چالاکانە، ڕادەستی دەزگای قەزایی کراون.

پێشتریش، سپای پاسداران لە شاری کرماشان بەڕێوەبەرانی سەدان گرووپی کۆمەڵایەتیی ئینترنێتی لە کوردستانیان دەستبەسەر کردبوو.

لینک پێوەندیدار:
دەستبەسەر کردنی چالاکانی ئینتێرنێتی، چالاکانی کوردستانیشی گرتەوە